لە دەریاچەی دەربەندیخان نزیکەی شەش هەزار ماسی مرداربوونەتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنی مرداربوونەوەی ژمارەیەکی زۆری ماسی لە دەریاچەی دەربەندیخان، قایمقامییەتی ئەو شارۆچکەیە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری مرداربوون و لەناوچوونییان نەخۆشی نەبووە و بەدوورە لە ڕاوکردنی نایاسایی و مادەی ژەهرو زیان بەخش.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، قایمقامییەتی دەربەندیخان بڵاویکردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنی مرداربوون و لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری ماسی لە بەنداوی ئەو شارۆچکەیە، لیژنەکانی ڕاسپێدران بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکەن.
لە ڕاگەیەنراوەکە دا ئاماژە بەوە کراوە، هۆکاری مرداربوون و لەناوچوونییان نەخۆشی نەبووە و بەدوورە لە ڕاوکردنی نایاسایی و مادەی ژەهرو زیان بەخش، هەروەها ماسییەکان بە بچووکی چوونەتە ناو قەفەسی هەڵواسراوی بەخێوکردنی ماسی و دوای پێگەیشتنی ماسیەکان کێشی ئەمانیش گەورەتر بوون و نەیانتوانیوە بێنە دەرەوە و دوای بەبازاڕکردنی ماسی بەخێوکراو، هاووڵاتیەکە هەستاوە بەپاککردنەوەو دەرکردنی ئەو ماسیانەی کە وەک پرۆژەکە سودی لێنابینێت، بەڵام بەهۆی نادروست مامەڵەکردن و نەگرتنەبەری ڕێککری زانستی ئەو ڕووداوەی لێکەوتەوە.
هەروەها باس لەوەش کراوە، نزیکەی پێنج بۆ شەش هەزار ماسی مرداربوونەتەوە، کێشی ماسییەکان نزیکەی 50 بۆ 60کگم دەبوو، جۆری ماسییەکان چاتکە بوون . لێژنەکانیش ڕاسپێدراون بە کۆکردنەوە و لەناوبردنی ماسییەکان بەشێوازێکی زانستی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاووبوونەوەی نەخۆشی و کاریگەری بۆنکردن و زیانەکانی.