پرۆژەی 'هەژماری من' لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە دڵنیایی دەداتە 16 هەزار مووچەخۆر

تیمی پرۆژەی 'هەژماری من' ڕایگەیاند: بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، ئەمڕۆ کاتژمێر 11ـی بەیانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)، تایبەت بە بانکی (TBI) لە کار کەوتبوون، بەڵام ئێستا کێشەکە چارە کرا و مووچەخۆران دەتوانن مووچەکانیان ڕابکێشن.
پێنجشەممە 4ـی ئەیلوولی 2025، تیمی پرۆژەی 'هەژماری من'، تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاشکرای کرد، کاتژمێر 11ـی بەیانی ئەمڕۆ، 16 هەزار مووچەخۆری بەشدار لە پرۆژەی 'هەژماری من'، کە زۆرینەیان دانیشتووی سلێمانین و لە ڕێگەی بانکی (TBI)ـەوە مووچە وەردەگرن، بەهۆی کێشەیەک لە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)ـی بانکەکە نەیانتوانیبوو مووچەکانیان ڕابکێشن.
تیمی پرۆژەکە ئاماژەی بەوە دا، لە سەرەتای دروستبوونی کێشەکە لەگەڵ بانکی (TBI)، تا کەمێک لەمەوبەر لەسەر هێڵ بوون بۆ چارەکردنی.
تیمی پرۆژەی هەژماری من دڵنایایی دەداتە ئەو 16 هەزار مووچەخۆرە و دەڵێت: ئێستا دەتوانن لە (ATM)ـەکانی بانکی (TBI) مووچەکانیان ڕابکێشن و کێشەکە تەکنیکی بوو و چارە کرا.
دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، یەک ترلیۆن و حەوت ملیار و 352 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ ڕۆژی دواتر لیستی مووچە بڵاو کرایەوە.
چوارشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 900 هەزار فەرمانبەری حکوومی بە سەرکەوتوویی لە پڕۆژەی "هەژماری من" ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکی گەورەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی کاش، بە ئاراستەی گەشەپێدانی خزمەتگوزاری گشتیی مۆدێرن.
پڕۆژەی "هەژماری من" بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و حەوت بانکی هاوبەش و لقەکانیان جێبەجێدەکرێت. ئامانجی پڕۆژەکە خزمەتکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن سوودمەندە لە بانکە ڕێکخراوەکاندا.