زێلێنسکی: لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر هەنگاوی داهاتوو ڕێککەوتین

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکی زۆر بابەتی و بنیاتنەری لەگەڵ نوێنەرانی دۆناڵد ترەمپ ئەنجام داوە؛ دەشڵێت، لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو و شێوازی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتین و پابەندەین بە کارکردنی ڕاستگۆیانە لەگەڵ ئەو وڵاتە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.

شەممە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکدا لە تێلێگرام ڕایگەیاند، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و جارێد کوشنەری زاوای ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام داوە. ئەمە لە کاتێکدایە شاندی دانوستانکاری ئۆکرانیا بە سەرۆکایەتی ڕۆستەم عومەرۆڤ و ئەندری گناتۆڤ لە فلۆریدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی کۆبوونەتەوە.

زێلێنسکی گوتی: ئێمە لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو و شێوازی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتین. ئاماژەی بەوەش کرد تەوەری گفتوگۆکان بریتی بووە لە گەرەنتیکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگ و نەهێشتنی مەترسیی هێرشی سێیەمی ڕووسیا، هەروەها دڵنیابوون لەوەی ڕووسیا پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت.

تیمەکەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدەن بە خێرایی کۆتایی بەو جەنگە بهێنن کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە. هەرچەندە پلانی سەرەتایی ئەمەریکا نیگەرانیی کیێڤ و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی لێکەوتەوە بەهۆی نزیکی لە مەرجەکانی ڕووسیاوە، بەڵام لەو کاتەوە پلانەکە هەموار کراوەتەوە.

هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە لە لەندەن لەگەڵ زێلێنسکی، کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و فریدریک مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوتی گفتوگۆکانی ئاشتی بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا.

 
Fly Erbil Advertisment