بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بە جینۆساید وەسف دەکات

بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا ڕەخنەی توند لە ئەورووپییەکان دەگریت کە نەیانتوانیوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوەستێنن، لەلایەکی دیکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات تاوەکوو ئێستا نزیکەی 40 هەزار و 500 منداڵ لە غەززە برینداربوونە و نیوەیان زیاتر کەمئەندامبوونە.
بۆ یەکەمین جار، بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بە جینۆساید وەسف دەکات و رەخنەی تووند لە ئەورووپییەکان دەگرێت کە نەیانتوانیوە بیوەستێنن.
ترێسا ریبێرا، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە گوتارێکدا لە پاریسی ڕایگەیاند: جینۆسایدی غەززە شکستهێنانی ئەورووپای لە هەنگاونان و قسەکردن بە یەک دەنگ، ئاشکرا کرد..
ئەمە لەکاتێکدایە، سەبارەت بە بەجینۆسایدناساندی غەززە گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندبوو، ئەوان بابەتەکەیان بۆ دادگە جێهێشتووە تاوەکوو یەکلای بکاتەوە ئایا جینۆسایدە یان نا.
لیژنەیەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی داوە، لەسەرەتای دەست پێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل نزیکەی 40 هەزار و 500 منداڵ برینداربوونە نیوەیان زیاتر کەمئەندام بوونە.