سەرۆک بارزانی: کوردستان هەمیشە شوێنی پێکەوەژیان دەبێت

سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەبێت. جەختی لەوە کردەوە، فەرەنسا و گەلی وڵاتەکە، هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندان.

هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک بارزانی، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، گوتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی.

سەرۆک بارزانی گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان، فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەمیشە هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبوو.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانیی دۆزی گەلی کورد بووە، یەکەم وڵات بووە لە ئەورووپا کە رێگەی داوە ئینستیوتی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە.

لە بارەی پێشمەرگەوە، سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند: "پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجامداوە، بەڵام ئەم ڕێزگرتنەی کە ئێوە ئەمڕۆ بۆ پێشمەرگەتان کردووە، گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە و دۆستایەتی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان دەکات".

جەختی لەوە کردەوە، کوردستان هەمیشە جێگەی پێکەوەژیانە، پێشمەرگەش هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەبێت.

سەرۆک بارزانی باسی لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆرسیتی داعش کرد و گوتی: لە شەڕی دژی داعش 12 هەزار پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، پێشمەرگە لەو شەڕەدا سەروەرییەکی گەورەی بۆ خۆی و بۆ گەلی کوردستان تۆمار کرد.

سەرۆک بارزانی سەرنجی خستە سەر پەیوەندی گەلی کوردستان و فەرەنسا و ئاماژەی بەوە کرد، بە دڵنیاییەوە هەتا کوردێک مابێت هەمیشە سوپاسگوزاری گەلی فەرەنسا دەبێت، پەیوەندی نێوان ئەو دوو گەلەش بەهێزتر و بەردەوام دەبێت.

لە بارەی هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد، سەرۆک بارزانی دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵییە کە هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد نەگۆڕاوە، هەر چەندە لەو وڵاتە چەندین سەرۆک گۆڕدراون، بەڵام هەڵوێستیان بەرانبەر بە کورد نەگۆڕاوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی باسی لە فرانسوا میتێران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کرد و گوتی: فرانسوا میتێران یەکەم سەرۆکی ئەورووپی بوو لە ساڵی 1992 پێشوازیی لێ کردم ئەمەش مایەی شانازی و سەربەزییە بۆ من، هەروەها یەکەم خانمی ئەورووپیش کە فرمێسکی بۆ قوربانییانی گەلی کوردستان ڕشت، دانیال میتێران هاوژینی فرانسوا میتێران بوو، هەرگیز ئەو هەڵوێستەیان لەبیر ناکەین.

سەرۆک بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، فەرەنسا و گەلی وڵاتەکە هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندان. گوتیشی: "بژی پاریس، بژی هەولێر، بژی دۆستایەتی گەلی فەرەنسا و کوردستان".

هەر لە بارەی ڕۆڵی پێشمەرگەوە سەرۆک بارزانی، ڕوونی کردەوە، پێشمەرگە بەشێکە لە دامەزراوەی بەرگریی عێراق، هێزە کوردییەکە بەرگریی لە هەموو عێراق دەکات، ئەو وڵاتە و جیهان لە تیرۆر دەپارێزێت، ئەمەش شەڕەفێکی مەزنە کە ئەو ئەرکە پیرۆزە بەجێ دەهێنن و مایەی شانازییە.

ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی 'ئۆندرێ سیترۆێن'، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادرا و شەقامێکیش بە ناوی پێشمەرگە ناونرا.

بەم بۆنەیەوە، ئەمڕۆ لە شارەکە، ڕێورەسم و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە چوون کە گوزارشت بوون لە ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پیشمەرگە و گەلی کوردستان، هەروەها شاندێکی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرین، کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لەسەر ئاستی فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپی بەشدارییان لە چالاکییەکان کرد.

لادانی پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لە پایتەختی وڵاتێکی وەک فەرەنسا، مانا و مەبەستی گەورەی لە پشتە، کە ناوی پێشمەرگە دێت لە بیرکردنەوەی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، ڕۆڵەیەکی ئازا و گیانفیدا وێنا دەکرێت. وەکو پێناسەیەکی سەرەکی بە بەردەوامی باس لەوە کراوە کە پێشمەرگە بۆ نەتەوەکەی خەبات دەکات و ئامادەیە لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخت بکات. 

فەرەنسا ئەو وڵاتەی بە درێژایی مێژوو، بە دۆستی کورد ناسراوە و سەرکردەکانیان بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەتەنگانەدا دەستی هاوکارییان بۆ گەلی کورد درێژ کردووە. بە تایبەتی لە کۆڕەوە ملیۆنییەکەی کورد لە 1991 خاتوو دانیێل میتێران، هاوسەری فرانسوا میتێران سەرۆکی پێشتووتری فەرەنسا سەردانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەچاوی خۆی ئەو نەهامەتییەی بینی کە بەسەر کورددا هاتبوو.

سەرۆک بارزانی

لە 16ـی ئابی ساڵی 1946 لە مەهاباد لەدایکبووە.

-لە ساڵی 1962 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە.

-لە ساڵی 1970 ئەندامی شاندنی دانوستانکاری شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی عێراق بووە.

-لە ساڵی 1970 لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبە هەڵبژێردرا.

-لە ساڵی 1979 لە کۆنگرەی نۆیەم بە سەرۆکی پارتی هەڵدەبژێردرا.

-لە ساڵی 1988 فەرماندەیی گشتی داستانی خواکوڕکی کردووە.

-لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ڕابەری مەیدانی بەرەی کوردستانی بووە.

-لە ماوەی ساڵانی 1992 تا ساڵی 2021، شەش جار لەگەڵ سەرۆکەکانی فەرەنسا کۆبووەتەوە.

-لە ساڵی 2004 بە سەرۆکی ئەنجوومەنی دەسەڵاتدارییەتی عێراق هەڵبژێردرا.

-لە ساڵی 2005 بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.

-لە ساڵی 2014 لە شەڕی دژی داعش، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە بووە.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment