دامەزرێنەری ماڵی کوردی لە بەلجیکا کۆچی دوایی کرد

پیتەر گێریتس دامەزرێنەری ماڵی کوردی لە بەلجیکا لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، گێریتس لە بەلجیکا بە ئاشکرا هاوڕێیەتی و هاوکاریکردنی خۆی بۆ گەلی کورد نیشاندابوو، هەروەها بە پارە و توانای خۆی، لەساڵی 1996 ماڵی کوردی لە بروکسل دامەزراند، کە ماوەی چەندین ساڵە چالاکی ڕۆشنبیری، سیاسی و هونەری تیادا ئەنجام دەدرێت.
ماڵی کوردی لە بەلجیکا بە شوێنێکی گرنگ بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کورد بەزمانی دایک دادەنرێت، بۆ ئەوەی زمان و کلتووری کوردی لە نێوان نەوەکان بمێنێتەوە و بەرەوپێش ببردرێت.
سەرەڕای چالاکییە کەلتووری و پرۆژە ڕۆشنبیرییەکان، پیتەر گێریتس بە هاوکار و پاڵپشتی پەنابەرانی کوردی لە بەلجیکا ناسرابوو، بەدڵسۆزی و هاوڕێیانە کاری لەگەڵ کوردان دەکرد، هەوڵیدەدا یارمەتیدەری کوردانی بەلجیکا بێت بۆ دروستکردنی ژیانی نوێ.
پیتەری کۆچکردوو هاوسەرەکەی کوردە و ناوی ( پەروین جەمیل پاشا)یە. ئەم ئافرەتە سەرپەرشتی ماڵی کوردی لە بەلجیکا دەکات.
کۆچی دوایی پیتەر کە ئەمڕۆ شەممە، 6ـی ئەیلوولی 2025، لە برۆکسل بەخاک دەسپێردرێت، بەرووداوێکی قورس بۆ کوردانی بەلجیکا دادەنرێت.