بەغدا.. لەسەر کرێی موەلیدە زیاتر لە 20 کەس بوونە قوربانی

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر کرێی موەلیدە زیاتر لە 20 کەس لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی بەغدا بوونە قوربانی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی ناکۆکی لەسەر کرێی موەلیدەیەکی کارەبا لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی بەغداد شەڕ و پێکدادانی چەکداری ڕووی دا.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، گوتیشی: بەهۆی گرژییەکانەوە دوو ئەفسەری هێزە ئەمنییەکان کوژران و نۆ پۆلیسیش برینداربوون، لەگەڵ کوژرانی دوو لە دەستدرێژیکەران و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە.
بەهادلی ئاماژەی بەوەدا، کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، ڕووبەڕووی تەقەی ڕاستەوخۆ بوونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی برینداربوونی ئەفسەرێک و پۆلیسێک. سەرەڕای وەڵامدانەوەی خێرای هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، بەڵام چەکدارەکان ژن و منداڵیان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە، ئەمەش ناچاری کردوون هێزەکان هەڵمەتەکە دوابخەن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی.
ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ناوچەکەیان داوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم گرفتە دەکەن. 20 تۆمەتبار دەستگیر کراون و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئەو کەسانە دەرچووە کە لە یاسا دەرچوون و چەکی بێ مۆڵەتیان هەڵگرتووە.
عەقید بەهادلی، جەختی کردەوە، ئەم ڕووداوە حاڵەتێکی تاکەکەسییە و ڕەنگدانەوەی داب و نەریتی عەشایەری نییە. هەروەها ڕوونی کردەوە، وەزارەتی ناوخۆ ڕێگە بە بەکارهێنانی چەک لە دەرەوەی یاسا نادات و ململانێی عەشایەری چەکداری ئێستا وەک تیرۆر و تاوانی ڕێکخراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. دادگای عێراقیش هیچ هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ قبووڵ ناکات.
لە کۆتاییدا، بەهادلی ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتەکە ستراتیژێکی گشتگیری بۆ کۆنترۆڵکردن و لێکۆڵینەوە داڕشتووە و هەنگاوی گەورەی ناوە لە گەیشتن بە ئاسایشی بەردەوام، بە پابەندبوون بە بەرزترین پێوەرەکانی پیشەیی و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ژیانی مەدەنی و دابینکردنی سەروەری یاسا لە سەرانسەری عێراقدا.