قەتەر ڕەتی دەکاتەوە ئەمەریکا لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل ئاگاداری کردبێتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، وەڵامی ئەمەریکا دەداتەوە و ڕەتی دەکاتەوە پێشوەختە لەبارەی هێرشەکان ئاگادار کرابێتەوە.
ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕایگەیاند ئەو هەواڵانەی باس لە ئاگادارکردنەوەی پێش وەختە لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن ڕاست نین.
گوتیشی: لە کاتی بیستنی دەنگی تەقینەوەکان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن بەرپرسێکی ئەمەریکاوە پێگەیشتووە.
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل ئەندامێکی هێزەکانیان کوژراوە و ژمارەیەک کەسیش بریندار بوونە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کارۆلاین لێڤێت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش وەختە حکوومەتی قەتەری لە هێرشەکان ئاگادار کردبووەوە.
باسی لەوەش کردبوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دوای هێرشەکان لەگەڵ تەمیم بن حەمەد سانی میری قەتەر پەیوەندی تەلەفۆنی کرد و پشتڕاستی کردەوە کە ئەم هێرشانە دووبارە نابنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج.