سەرۆک وەزیرانی قەتەر: لە ڕۆڵی نێوەندگیریی حەماس و ئیسرائیل بەردەوام دەبین

سەرۆک وەزیرانی قەتەر ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل کردەوەیەکی تیرۆریستی بوو و بەهۆی پێشێلکاریی سەروەری وڵات، بە مافی خۆیان دەزانن وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە. دەشڵێت: سەرەڕای هێرشەکان، بەڵام لە ڕۆڵەکەیان وەک وڵاتی نێوەندگیر لە نیوان ئیسرائیل و حەماس بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بەردەوام دەبن.
سێشەممە 9ی ئەیلوولی 2025، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئەلسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا کردەوەیەکی تیرۆریستی بوو و هەوڵێک بوو بۆ ناسەقامگیر کردنی ئاسایشی ناوچەکە.
دووپاتیشی دەکاتەوە، قەتەر بەرگەی هیچ پێشێلکارییەکی سەروەری وڵات ناکات و مافی خۆیەتی وەڵامی ئەم هێرشانە بداتەوە، ئاشکراشی کرد تیمێکی یاسایی بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە پێکهێنراوە، هەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل بێ وەڵام نابن.
سەرۆک وەزیرانی قەتەر گوتیشی: ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کەسێکی نا ڕاستگۆیە، بە کردەوە تیرۆریستەکانی ناوچەکە بەرەو پشێوی زیاتر دەبات. ئەوەشی خستەڕوو، ئەو چەکانەی لە هێرشەکان بەکاری هێنابوو لە ڕادارەکانی ئێمە تێپەڕ بووبوون.
باسی لەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ ئاشتی دروست بکات و وڵاتێکی نێوەندگیری کردە ئامانج، بەڵام لەسەر داوای ئەمەریکا دانوستانەکان بەردەوام دەبن، لە ڕۆڵەکەیان وەک نێوەندگیر بەردەوام دەبن.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئەلسانی دەشڵێت: ئەمەریکا 10 خولەک دوای هێرشەکان ئێمەیان ئاگادار کردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج.