سەرۆک وەزیرانی نوێی فەرەنسا دەستنیشان کرا

سێباستیان لێکۆرنو, سەرۆک وەزیرانی نوێی فەرەنسا
سێباستیان لێکۆرنو, سەرۆک وەزیرانی نوێی فەرەنسا

دوای ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە حکوومەتەکەی فرانسوا بایرۆ سەندەوە، ئەمڕۆ ماکرۆن، سێباستیان لێکۆرنوی بە سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە دەستنیشان کرد.

سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئەلیزێ)، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە، سێباستیان لێکۆرنوی، کە وەزیری بەرگریی فەرەنسا بوو، بە سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە دەستنیشان کرد.

ئەم کارەی ماکرۆنیش دوای ئەوە هات، دوێنێ پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە حکوومەتەکەی فرانسوا بایرۆ سەندەوە ئەمەش دوای تەنیا نۆ مانگ کە وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە دەستبەکارببوو.

کۆشکی ئەلیزێ ڕایگەیاند، ماکرۆن بە لێکۆرنوی گوتووە، "ڕاوێژ بە هێزە سیاسییەکانی نوێنەری پەرلەمان بکات بە مەبەستی پەسەندکردنی بودجەیەک بۆ وڵات و ئەنجامدانی ئەو ڕێککەوتنانەی کە بۆ بڕیارەکانی مانگەکانی داهاتوو پێویستن".

پێشتر سەرۆکی فەرەنسا بەوە ناسرابوو کە لە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێدا خاو و خەمساردە، بەڵام ئەمجارە بەهۆی مەترسیی ناجێگیریی دارایی و سیاسییەوە، دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ کەمتر لە ڕۆژێکی خایاند.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی 'لیبێراسیۆن' بڵاوی کردەوە، ئێستا ئیمانوێل ماکرۆن هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانە سیاسییەکان.

 
Fly Erbil Advertisment