هەوڵی گۆڕینی ناوی دیوانی ئەوقاف لە بەغدا، ئێزدی و کریستییانەکانی تووڕە کردووە

کۆمەڵگەی ئێزدی و کریستییان بە توندی دژایەتی هەوڵەکانی گۆڕینی ناوی "دیوانی ئەوقافی ئایینەکان" لە بەغدا بۆ "دیوانی ئەوقافی تایفەکان" دەکەن. ئەم گۆڕانکارییە پێشنیازکراوە بە هەوڵێکی ئەنقەست دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی پێگەیان لە ئایینی دانپێدانراوەوە بۆ تەنیا تایفە، کە ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر مافە دەستوورییەکانیان و داهاتووی کۆمەڵگاکانیان لە عێراقدا هەبێت.

میرحاج، کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکات، جەختی لەوە کردەوە، ئایینەکەیان زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە هەیە و هەر هەوڵێک بۆ پۆلێنکردنیان وەک تاییفەیەک قبوڵ ناکرێت. 

خزوان یوسف، کەسایەتییەکی کریستییانی خەڵکی ئەلقووش، هەمان بۆچوونی دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا "دۆخی هەرێمی کوردستان جیاوازە لە بەغدا. گۆڕانکارییە پێشنیار کراوەکە لە بەغدا قبووڵ ناکرێت چونکە ئەم ئایینانە تەنها تایفە نین و دەستووری عێراق بە ڕوونی مافەکانی ئایینەکان دەپارێزێت. پاتریاک لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی و گەورەترین کەنیسەی کریستییان لە عێراق، ئەو هەنگاوەی ڕەتکردەوە."

ئەو کەسایەتییە کریستییانە ڕایگەیاند "گۆڕینی ناوی ئایینێک بۆ مەزهەبێک قبووڵ ناکرێت، چونکە ئەم ئایینانە لە دەستووردا دانیان پێدانراوە، کە مافەکانی ئایینەکان دەپارێزێت."

خالید نەرمۆ، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدی، ڕایگەیاند، مافی ئێزیدییەکان بۆ دانپێدانانیان وەک ئایینێک لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا، ئەم ناسنامەیە و پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی مێژوویی گرنگ بووە بۆ ئێزیدییەکان لە عێراقدا. هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەر دەستێوەردانێک لەم پێگەیە ڕەتدەکرێتەوە.

دیوانی ئەوقافی ئایینەکان لە بەغدا لە ساڵی 2012 دامەزراوە و نوێنەرانی ئایینەکانی ئێزدی، کریستییان و سابئی مەندایی لەخۆدەگرێت. چەند ڕۆژێک پێش ئەم لێدوانانە، هەندێک لە سەرکردە ئایینییە کریستییانیەکان داواکارییەکی نووسراویان پێشکەش کردبوو بۆ گۆڕینی ناوی دیوانەکە، کە بووە هۆی وروژاندنی ئەم شەپۆلی دژایەتییە. کۆمەڵگەکانی ئێزدی، کریستییان و سابئی مەندایی بە کۆمەڵ خۆیان بە ئایینە ڕەسەنەکانی عێراق دەزانن و هیوادارن مافەکانیان، بە یاسایی و دەستووری، پارێزراو بێت و ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەک بکرێت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتوویان هەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment