گەنجێکی کورد بەرزترین تاوەری جیهان لە ئەڵمانیا نمایش دەکات

گەنجێکی کورد، کە دەرچووی بەشی تەلارسازییە لە ئەڵمانیا دیزاینی بەرزترین تاوەری هەوربڕی کردووە، کە دۆستی ژینگەیە و لە پێشانگەیەکدا نمایشی دەکات، بەم پرۆژەیەشی هەوڵی کۆکردنەوەی هاوکاریی ماددی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان دەدات.

شەمزین عەباس، کە دانیشتووی شاری شتوتگارتی ئەڵمانیایە لە بارەی پرۆژەکەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو تاوەرەی دیزاینی کردووە، بەرزییەکەی 3150 مەترە، جیا لە تایبەتمەندی بەرزییە هەوربڕییەکەی، تاوەرەکە دۆستی ژینگەیە و بەشێویەک دیزاینی کردووە کە بەرگەی هەموو کارەساتە سروشتییەکان بگرێت.

گوتیشی: تاوەرەکەم بە جۆرێک دیزاین کردووە پێویستی ڕاکێشانی ئاو و کارەبا لە دەرەوەی تاوەرەکە نییە، بەڵکو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە وزەی خۆر و با دەسبەستێت، سەرچاوەی ئاوی تاوەرەکەش باران دەبێت و لە ڕێگەی سیستەمێکی پێشکەوتووی فیلتەر و ڕیسایکلینەوە، ئاوی پاک دابین دەکرێت.

شەمزین عەباس ئاماژەیدا، کاری دیزاینی تاوەرەکە، نزیکەی دوو ساڵی خایاندووە و بە بەکارهێنانی زیاتر لە 48 هەزار و 600 پارچەی جیاوازی پلاستیکی لێگۆ، توانیویەتی پرۆژەکەی ئامادە بکات، کە بەرزی دیزاینەکە 315 سانتیمەترە و هاوکات لەگەڵ نمایشی بەرزترین تاوەری دۆستی ژینگەی جیهان، ڕۆبۆتێکیش نمایش دەکات.

لە بارەی ڕۆبۆتەکەشەوە، گوتی: بەشیوازێک ڕۆبۆتەکەی دیزاین و دروستکردووە، کە لە داهاتوودا بتوانێت یارمەتیی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدات، لەوانە کەسانی نابینا ڕێبەری بکات بۆ گەیاندنی شوێنی مەبەست، یان لە ڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە هەستەکانی مرۆڤ بخوێنێتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ بکات و لە ڕێگەی سکانی ڕووخسارەوە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆریش کەسەکان بناسێتەوە.

شەمزین عەباس لە دایکبووی 1993ـی هەرێمی کوردستانە و نزیکەی حەوت ساڵە دانیشتووی ئەڵمانیایە؛ هەروەها دەرچووی بەشی تەلارسازی پەیمانگەی ئەلفۆنس کێرن شوولە و لە ساڵی 2022 وەک باشترین قوتابیی بەشەکە لەسەر ئاستی ئەڵمانیا خەڵات کراوە.

هەروەها لە ماوەی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەکدارانی ڕێکخراوی داعش، وەک پێشمەرگەیەکی خۆبەخش بەشداری چەند بەرەیەکی شەڕی کردووە و چەند جارێک برینداربووە، دواجار لە شەڕی ڕزگارکردنی شارۆچکەی گوێڕ، لە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر، دەستی ڕاستی برینداربووە و ئێستا خاوەن پێداویستی تایبەتە.

بڕیارە ڕۆژانی 20-21ی ئەیلوولی 2025، لە هۆڵی سان خۆسێ – فریۆلژام لە چوارچێوەی ئێڤێنتێکدا هەم تاوەرەکە و هەم ڕۆبۆتەکەی ئەم گەنجە کوردە نمایش بکرێن، کە داهاتی ئیڤێنتەکە تایبەت دەبێت بە هاوکاریی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment