هەولێر سەوز دەکرێت

هەولێر بە پێنج پارکی گەورە سەوزتر دەکرێت.

ئەمڕۆ هەینی 12ـی ئەیلوولی 2025، پارێزگاری هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، پێنج پارکی گەورە لە ناوەندیی شاری هەولێر دروستدەکرێن و زیاتر لە 40 هەزار داری جیاوازیش دەچیندرێت.

ڕاشیگەیاند، ڕێژەی سەوزایی و دار و باخچەکانیش زیاتر دەبێت.

دەشڵێت: لە پێناو زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی و زیاتر پاراستنی ژینگەی شار، لە ناوەندیی شاری ھەولێر لە سەر ڕووبەری 200 دۆنم زەوی دەستکراوە بە دروستکردنی پێنج پارکی گەورە، کە تێیدا 40 ھەزار دار دەچێندرێت و ئەمساڵیش هەر پێنج پارکەکە تەواو دەکرێت، ئەوانیش:

1- دروستکردنی پارکێک لە نزیک شەقامی 120 مەتری، لەسەر ڕووبەری 80 دۆنم زەویی و نزیکەی 8 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، لەئێستادا نزیکەی لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.

2- دروستکردنی پارکی رەشکین لەسەر ڕووبەری 47 دۆنم زەویی و 16 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و لە ئێستادا لە 50%ی کارەکانی تەواو بووە.

3- دروستکردنی پارکی گەڕەکی نازدار لە سەر ڕووبەری چوار دۆنم زەویی و شەش ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و لە 80%ی کارەکانی تەواو بووە.

4- دروستکردنی پارکی گەڕەکی ژیان لەسەر ڕووبەری حەوت دۆنم زەویی و پێنج ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، کە ئەویش لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.

5- پارکی یەکتربڕی شەقامی 150 مەتری کە ڕووبەرەکەی 60 دۆنمە و کارکردن تیایدا بەردەوامە.

جێگەی باسە، لە شاری ھەولێر 26 پارکی گەورە و 204 باخچەی بچووک و 209 دارستان و 163 دوورگەی ناوەندیی و 109 نافوورە هەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment