تورکیا: ئیسرائیل ڕاست ناکات

سوپای تورکیا
سوپای تورکیا

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: ئەوەی ئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەکات و گوایە بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەمانی لە سووریا بۆردوومان کردووە، دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەکی نییە.

سوپای ئیسرائیل لە دوو بۆنە و کاتی جیاوازدا لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول ڕایگەیاندبوو، چەند پێگەیەکی سەربازیی تورکیایان لەنێو خاکی سووریا بۆردوومان و خاپوور کردووە.

زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: دەنگۆی بە ئامانجگرتنی هێزەکانی تورکیا لەنێو خاکی سووریا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەکی نییە، گوتیشی: "بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاندی دانوستنکاری بزووتنەوەی حەماس لە دەوحەی قەتەر، سەلماندی ئەو وڵاتە تەنها سیاسەتی تیرۆر دەزانێت و لەسەر ململانێ و ئاڵۆزی دەژیت".

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: ئەنقەرە دەستی کردووە بە ڕاهێنان کردن بە سوپای سووریا، هەموو هاوکارییەکی سەربازیی و لۆجیستیشی پێشکەش دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment