فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: لەگەڵ پێشمەرگە لەسەر ئەم سێ خاڵە رێککەوتین

"سەنتەرێکی سەرەکیی هەماهەنگیی هاوبەشی بەغدا و هەولێر دەکرێتەوە"

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ لە بەغدا، لە سێیەم کۆبوونەوەی لیژنەی سەربازی و کاری ئەمنیی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەکە لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەمڕۆ (سێشەممە، 13-10-2020) راگەیەندراویکی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "لەو کۆبوونەوە هاوبەشەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو کەیسە ئەمنییانە کران کە گرنگن بۆ هەردوولا بەدرێژایی هێڵی جیاکەرەوەی هێزەکانی فیدراڵی و پاسەوانانی سنووری هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە لیژنەکە لەسەر سێ خاڵ رێککەوتوون، بەمشێوەیە:

یەکەم: دەستکردن بە کردنەوەی سەنتەرێکی سەرەکیی هەماهەنگیی هاوبەشی بەغدا و هەولێر.

دووەم: پێکهێنانی لیژنەی ئەمنی و سەربازی و مەیدانیی هاوبەش بۆ هەڵسەنگاندنی تەحەدییە ئەمنییەکان بەپێی شوێنی ئۆپەراسیۆن و میحوەرەکان، هەروەها ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

سێیەم: دەستکردن بە کاری ئەمنی و سەربازی لە کەرتی دیالە بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی ئەمنیی هاوبەش و رێککەوتن لەسەر چۆنییەتی کارکردنی بازگەکان، خاڵەکانی پەیوەندیی هاوبەش، پلاندانان بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و ئەمنییە هاوبەشەکان لەدژی تیرۆر و تاوان.

لیژنەی باڵای ئەمنیی ھەماھەنگی وەزارەتی پێشمەرگە، دوو ساڵە دامەزراوە و كۆبوونەوەی دەوریی ھەیە؛ جارێك لە ھەولێر و جاری دواتر لە بەغدا.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 13-10-2020) پێش بەڕێکەوتنی شاندەکە بۆ بەغدا، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24ـی راگەیاندبوو "كۆبوونەوەی ئەمجارەمان لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی ھەماھەنگی لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان و وەزارەتی بەرگری عێراقە، گفتوگۆ لەسەر ھەماھەنگییەكان دەكەین، لەو ناوچانەی داعش كردەوەی تیرۆرستییان تێدا ئەنجامدەدات".

جەبار یاوەر، راشیگەیاندبوو "پێشتر لەسەر ئەم میكانیزمە گفتوگۆمان كردووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەمانەوێ بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە بدەین، ئەگەر رێككەوتین لەسەر میكانیزمەكە، دەست دەكەین بە ھەنگاوی كردەیی".