پرۆژەی دووسایدی ڕانیە-سەرکەپکان لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و پاش تێپەڕبوونی نزیکەی یازدە ساڵ بەسەر دانانی بەردی بناغەی، ئەمڕۆ شەممە، 13ـی ئەیلووڵی 2025، قۆناغی قیڕتاوکردنی پرۆژەی جووتسایدی ستراتیژی ڕانیە-سەرکەپکان دەستیپێکرد.
ئەم پرۆژەیە کە لە ساڵی 2014 بەردی بناغەی دانرا، یەکێک بووە لەو پرۆژانەی کە کابینە لە دوای کابینە نەتواندراوە تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی گرنگییەکەیەوە و لە چوارچێوەی پرۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارکردن تێیدا دەستیپێکردەوە.
پرۆژەی جووتسایدی ڕانیە-سەرکەپکان، ڕێگایەکی گرنگی گەشتیاری و بازرگانییە و لە هەمان کاتدا ڕێگایەکی سەرەکیی هاتوچۆی هاووڵاتییانی گوندەکانی دۆڵی شاورێ و دۆڵی ئاکۆیانە.
ڕێگاکە لە دوو ساید پێکدێت کە هەر سایدێکیان سێ لاینە، بە درێژایی 5600 مەتر لە ڕانیەوە دەستپێدەکات تا سەرکەپکان. پانی ڕێگاکە 40 مەترە و شۆستەی پیادەڕۆیی و جەزیرەی ناوەڕاستی تێدایە کە بە سەوزایی ڕووپۆش دەکرێت.
بە گوژمەی پێنج ملیار دینار، نزیکەی 75%ـی پرۆژەکە تەواو بووە و ئەمڕۆ قۆناغی قیرتاوکردنی دەستیپێکردووە. هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، کێشەی ئاوی دۆڵی شاورێ چارەسەر کراوە کە بەشێکی دەگەڕایەوە سەر چەند گەڕەکێکی دەوروبەری پڕۆژەکە. بۆ ئەم مەبەستە، زێرابێکی لوولەیی و زێرابێکی سندووقی بە درێژایی دوو کیلۆمەتر و نیو دروستکراوە. ئەمەش چارەسەرێکە بۆ کێشەی ئاوی بارانی بەخوڕی دۆڵی ئاکۆیان.
پڕۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە زۆر گرنگ و ستراتیژییەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین کە دانیشتوانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە ناوچە گەشتیارییەکانی دۆڵی ئاکۆیان بەکاریدەهێنن. تەواوبوونی پڕۆژەکە ڕووناکی و باخچەی جەزیرەی ناوەڕاستی شەقامەکەش لەخۆ دەگرێت.
بڕیارە بەشێکی پرۆژەکە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا قیرتاوکردنی تەواو بێت و تا 20ـی ئەیلوول یەکێک لە سایدەکان بکرێتەوە بۆ هاتوچۆ. کارکردن لەو 25% پرۆژەکەش بەردەوام دەبێت کە ماوە، بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە بارانی ئەمساڵ و کردنەوەی هەردوو سایدەکە بەڕووی هاووڵاتییاندا.