سوید داوا له توركیا ده‌كات چیتر مافی كورد پێشێل نه‌كات
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ده‌مه‌قاڵێ له نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید و هاوتا توركه‌كه‌ی له ئه‌نقه‌ره روویدا

K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید هێرشی توندی كرده سه‌ر مه‌ولود چاویشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و داوا له وڵاته‌كه‌ی كرد، له ئازه‌ربایجان و سووریا بكشێته‌وه و پێشێلكارییه‌كانی به‌رامبه‌ر مافی هاووڵاتییانی كورد راگرێت.
له میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، هاوتا توركه‌كه‌ی، ئان لیندی، وزیری ده‌ره‌وه‌ی سوید هێرشێكی توندی كرده سه‌ر توركیا و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان "ئاكپارتی"ـی به هه‌ڵگیرساندنی ململانێ له سووریا، لیبیا و هه‌رێمی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باغ تۆمه‌تباركرد، وێڕای تۆمه‌تباركردنی به به‌رده‌وامیدان به پێشێلكردنی سه‌روه‌ری وڵاتانی كه‌ناراوی ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست.
ئه‌و وه‌زیره سویدییه داواشی له توركیا كرد، هێزه‌كانی "كه به داگیركا‌ر ناوی بردن" له خاكی سووریا بكشێنێته‌وه و ئه‌نقه‌ره‌ی به به‌رپرس له دابه‌شكردنی خاكی سووریا و چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد له سووریا تۆمه‌تبار كرد. گوتیشی: زیادبوونی پێشێلكارییه‌كان و هه‌ڵمه‌تی ره‌شبگیری به‌رنامه بۆ داڕێژراو له دژی گه‌لی كورد له ناوخۆی توركیاش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
له به‌رامبه‌ریشدا چاویش ئۆغلۆ ئه‌و گوتانه‌ی هاوتا سویدییه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه و روو له ئان لیندی گوتی: "ئێوه چ سیفه‌تێكتان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی داوامان لێ بكه‌ن له سووریا بكشێینه‌وه.. ئێوه ناتوانن داواكارییه‌كی له‌م جۆره لێمان بكه‌ن" و وڵاتی سویدی به پشتیوانیكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" تۆمه‌تبار كرد، كه ئه‌نقه‌ره به رێكخراوێكی تیرۆریستی ناوده‌بات.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتیشی: "ئایا سووریا ئیداره‌ی سوید یان یه‌كێتی ئه‌وروپای كردووه‌ته بریكاری خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی داوامان لێ بكه‌ن له خاكه‌كه‌ی بكشێینه‌وه؟".
هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد، ئه‌گه‌ر توركیا هێزه‌كانی له ناوچه‌ی ئیدلبی سووریا بكشێنێته‌وه، زیاتر له 3 ملیۆن په‌نابه‌ری سووری روو له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن، هه‌وره‌ها سویدی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه "ده‌یه‌وێت له ئیدلب له هاوكاریكردنی كورد شوێنی توركیا بگرێته‌وه".
له‌كاتێكیشدا ئان لیندی "پشتیوانی ئه‌نقه‌ره‌ی بۆ ئازه‌ربایجان له رێگه‌ی گروپه میلیشیا و چه‌ته‌كان و شێواندنی ئاسایش و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له قه‌ره‌باغ" ئیدانه كرد، مه‌ولود چاویشئۆغلۆ گوتی: حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌ستاندنی جه‌نگ له قه‌ره‌باغ ناداته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌رمینیا له‌و هه‌رێمه نه‌كشێته‌وه و، دۆخی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باغی به ململانێی نێوان رووسیا و ئۆكراینا چوواند له باره‌ی دورگه‌ی كریمیا، كه به گوته‌ی خۆی هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رهه‌ڵستی ده‌كه‌ن و داوا له رووسیا ده‌كه‌ن هێزه‌كانی له‌و دورگه‌یه بكشێنێته‌وه، له‌كاتێكدا هه‌مان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌رمینیا نییه.
سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تانه‌ش كه هاوتا سویدییه‌كه‌ی له‌باره‌ی پێشێلكارییه‌كانی توركیا به‌رامبه‌ر ناوچه ئابوورییه‌كه‌ی قوبرس له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕان به‌دوای غازی سروشی له ئاوه‌كانیدا ئاراسته‌ی توركیا كردن، چاویشئۆغلۆ گوتی: "سوید پشتیوانی له قوبرسی یۆنانی ده‌كات، به‌هۆی پشتگیرییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆی" و رووی قسه‌كانی له هاوتا سویدییه‌كه‌ی كرد و گوتی: "كاتێك كه‌سێك پشتیوانی له لایه‌نێكی هه‌ڵه ده‌كات، وه‌ك كه‌سێكی نابینا وایه و چاوی راستییه‌كان نابینێت.. ئه‌ی بۆچی تۆ ره‌خنه له ره‌فتاره‌كانی یۆنان له‌كاتی نقومبوونی كشه‌تیی په‌نابه‌ران له ئاوه سنووریه‌كان و ده‌ریای ئیجه ناگریت؟ ئێمه به‌ته‌واوی دژی ئه‌و سیاسه‌ته دووفاقیه‌ین".
سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكاریانه‌ش كه به‌رامبه‌ر مافی كورد له دیاربه‌كر و سووریا و عێراقیش ده‌كرێت، كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ئاماژه‌ی پێدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتی: توركیا جیاكاری له نێوان هیچ گروپێكی كوردیدا ناكات، چ له ناوه‌وه یانیش له‌ده‌ره‌وه و گوتیشی: "هه‌موویان تیرۆرستن و پشتگیری له په‌كه‌كه ده‌كه‌ن".
H.B