دۆلاری دڕاو کێشە بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات
لە بازاڕی دراوی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە هەولێر، هاووڵاتییان ڕووبەڕووی کێشەی وەرنەگرتنەوەی دۆلاری دڕاو یان کەمکردنەوەی بەهاکەی دەبنەوە. ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی نیگەرانی و زیان بۆ ئەو کەسانەی کە مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەن.
ژمارەیەک لە هاووڵاتییان ئاماژە بەوە دەکەن کە کاتێک پارەی دۆلاری دڕاو یان کۆنیان پێیە، لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنیدا، نووسینگەکان یان بە نرخێکی کەمتر لێیان وەردەگرن یان هەر وەری ناگرنەوە. ئەمەش ناچاریان دەکات سەردانی بۆرسەی گشتی بکەن کە لەوێشدا بە نرخێکی کەمتر لێیان وەردەگیرێتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 سەردانی بازاڕی دراوی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو قسەی کرد. لە یەکێک لە نووسینگەکاندا، نموونەیەکی 100 دۆلاریی دڕاوی نیشاند بەگوێرەی نووسینگەکان ئەو جۆرە دۆلارانە بە 3 بۆ 4 هەزار دینار کەمتر لە بەهاکەی خۆی وەردەگیرێتەوە.
هاووڵاتییەک باسی لەوە کرد کە زۆر جار پارەی دڕاو وەک مووچە لە بانکەکانەوە وەردەگرن، بەڵام حکوومەتی عێراق هیچ لقێکی بانکی تایبەتی دانەناوە بۆ گۆڕینەوەی ئەو پارە دڕاوانە. گوتیشی: "خاوەنی ئەم پارەیە حکوومەتی عێراقە و دەبێت شوێنێکی تایبەت دابنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە."
شارەزایانی بواری دراو هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەم کێشەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە چارەسەر نەکرێت و ڕێککەوتنێک لەگەڵ بانکی ناوەندی ئەمریکا نەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دۆلارە کۆن و دڕاوانە، لە داهاتوودا زیانێکی گەورە بە ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگەیەنێت.