عەلەوییەکان، کۆسپی بەردەم حکوومەتی نوێی سووریا

هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە کۆتایی مانگی ئابدا، هەڵیانکوتایە سەر گەڕەکێکی هەژارنشینی دیمەشق و ماڵەکانی گەڕەکەکەیان بە پیتی گەورەی ڕەش، نیشان کرد. پیتی 'X' بۆ مانەوە و پیتی 'O' بۆ چۆڵکردن و بەجێهێشتنی گەڕەکەکە.
میراتێکی ژەهراوی
گەڕەک سۆمەریا، تێکەڵی میراتی ژەهراویی بنەماڵەی ئەسەدە کە زیاتر لە پێنج دەیە حوکمڕانیی سووریایان کرد و لەو ماوەیەدا زۆرینەی دانیشتووانی سوننەی موسڵمانیان سەرکوت کرد. ئەوان پۆستە باڵاکان و موڵك و ماڵی بەرهەڵستکارانیان دەدا بە کەمینەی عەلەوییەکان کە دڵسۆزی ڕژێمەکەیان بوون.
دانیشتووانی ئەو گەڕەکە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوتووە "لە 27-29ی ئابی ڕابردوودا، دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بە سەرۆکایەتیی فەرماندەیەکی وەزارەتی ناوخۆ ناسراو بە "ئەبو حوزەیفە" ماڵ بە ماڵی ئەو گەڕەکە گەڕان و بە دانیشتووانەکەیان ڕاگەیاند "ماڵەکانتان بە نایاسایی لەلایەن بنەماڵەی ئەسەدەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئێستا یان دەبێ بەڵگەی خاوەندارییەتی پێشکەش بکەن، یان دەبێ چۆڵی بکەن."
ئەو خێزانانەی نەیانتوانیبوو دەستبەجێ بەڵگەنامەی خاوەندارێتی پێشکەش بکەن، دیواری دەرەوەی ماڵەکانیان بە پیتی "O" نیشان کرا و ئاگاداریی دەرکردنی چاپکراویان پێوە هەڵواسرا.
لە ئاگادارییەکاندا نووسراوە "ئەمە ئاگادارییەکە بۆ دانیشتووانی خانووە نایاسایییەکانی سۆمەریا تا لە ماوەی 48 کاتژمێردا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ئەگینا بەپێی یاسا سزا دەدرێن."
پلانی حکوومەتی نوێی سووریا
ئەندامانی بنەماڵەی ئەسەد، لەنێویاندا بەشار، دانیشتووانی سوننەیان لە چەندین گەڕەکی پایتەخت دەرکرد و خانووی نوێیان بۆ سەربازەکانی خۆیان تێدا دروست کرد؛ زۆربەی خانووەکان هەرزان و خراپ دروست کرابوون. ئەم گەڕەکانە پشتێنەیەکی عەلەوییان پێک هێنا کە ناوەندی دەسەڵاتیان لە دیمەشق دەپاراست.
ماهیر مەروان، پارێزگاری دیمەشق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "ئەوەی لە سۆمەریا ڕووی دا، ئەنجامی کەڵەکەبوونی کێشەکانی دەستبەسەرداگرتنی نادادپەروەرانە و گەندەڵیی خانووبەرە بوو لە ماوەی دەیان ساڵی حوکمڕانیی ڕژێمی ئەسەددا."
مەروان گوتی: حکوومەتی نوێی سووریا پابەندە بە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف، بەبێ دەرکردنی زۆرەملێ. لیژنەی یاسایی پێک دەهێنرێن بۆ "پێداچوونەوە بە دەستبەسەرداگرتنی سۆمەریا و ئەو نیشتەجێبوونە نافەرمییانەی دواتر هاتوون و دەیان ساڵە بەردەوامن."
هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان
میلۆن کۆتاری، شارەزایەکی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و سیاسەتی کۆمەڵایەتی، و یەکەم ڕاپۆرتەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێبوونی گونجاو، پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی سۆمەریای بە "زنجیرەیەک پێشێلکاری، وەک ئاوارەکردن و دەرکردنی دانیشتووان" وەسف کرد.
کۆتاری، بە ڕۆیتەرزی گوت: "دەرکردنی زۆرەملێ، پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە. ئەگەر حکوومەتی سووریا جددی بێت لە پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ئەوا ئەوان بەرپرسن لە پێشێلکردنی مافی ئەم خەڵکە. ئەمە هەڵوێستێکی ڕوونە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی."
مەترسیی شەڕی ناوخۆ
ڕووخانی لەناکاوی ئەسەد لە کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، بووە هۆی سەرهەڵدانی حکوومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئەندامانی پێشووی "هەیئەت تەحریر شام" بەهێزترین گرووپی ئیسلامیی سوننە کە لە ماوەی 14 ساڵدا دژی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد شەڕێکی خوێناوییان کردبوو.
ئیدارە تازە دامەزراوەکە، هەوڵی داوە دەیان گرووپی یاخی، لەنێویاندا هەندێک چەکداری بیانی، تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی بکات. حکوومەتەکە تووشی کێشە بووە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دروست بوو و لە ئەنجامدا سووریا تووشی شەڕێکی خوێناویی ناوخۆیی بووەتەوە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەت سەدان هاووڵاتیی مەدەنییان لە کۆمەڵگەکانی عەلەوی و درووز کوشتووە.
دەرکردنی دانیشتووانی گەڕەکی سۆمەریا، نیشانەی یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی بەردەم حکوومەتە نوێیەکەی سووریایە: چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ میراتی دەستبەسەرداگرتن و دابەشکردنەوەی موڵک لەلایەن بنەماڵەی ئەسەدەوە، کە بۆ ماوەیەکی درێژ گرژیی نێوان پێکهاتەکانی زیاتر کردبوو.