سانا: یەکەیەکی سوپای ئیسرائیل چووە ناو سووریا

تانکێکی سوپای ئیسرائیل (ئەرشیف)
تانکێکی سوپای ئیسرائیل (ئەرشیف)

یەکەیەکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل چووە ناو دوو گوندی ڕۆژئاوای سووریا و لە ئاسمانیش، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چاودێریی ناوچەکەیان کردووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، یەکەیەکی سەر بە سوپای ئیسرائیل چوونەتە ناو گوندەکانی سایسون و سملە، لە سنووری پارێزگای دەرعای ڕۆژئاوای سووریا و پشکنینیان ئەنجام داوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، نزیکەی 18 ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای ئیسرائیل چوونە ناو ئەو گوندانە و ناوچەکەیان بە تەوای کێوماڵ کردووە و هاوکاتیش هێزێکی سەر بە سوپای ئیسرائیل لە نزیک بنکەی سەربازیی 'سملە' لە نزیک بەرزاییەکانی جولان، جێگیر کراون.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا باسی لەوەش کردووە، هاوکات لەگەڵ کێوماڵکردنی ناوچەکە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلیش بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا چاودێریی دۆخەکەیان کردووە و ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، چەند جارێک دەسەڵاتی سووریا بەرانبەر بەو کردەوانەی سوپای ئیسرائیل کاردانەوەی نیشان داوە و بە تووندی سەرکۆنەی کردووە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوە هەوڵەکانی سەقامگیری لە ناوچەکە تێک دەدات و پێچەوانەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان دوو وڵاتە کە لە ساڵی 1974 واژوو کراوە.

حکوومەتی سووریا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی ئیسرائیل بێدەنگ نەبن.

 
 
Fly Erbil Advertisment