گه‌نده‌ڵییه‌كی دیكه‌ی پۆلیسی هاتوچۆی به‌غدا ئاشكرا بوو

گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل خه‌ریكه له‌سه‌ر شه‌قام و كۆڵانهكانیش له عێراق ده‌بێته ڕۆتین، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی عێراق سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام ده‌وڵه‌تێكی نادامهزراوهییه به‌تایه‌تی له دوای ساڵی 2003ـوه، له لایه‌ن گرووپ تاقمه سیاسی و چه‌كدارییه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر جومگه‌كان دامه‌زراوه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان كار ده‌كه‌ن.
یه‌كشه‌ممه، 14ـی ئه‌یلوولی 2025، گرته‌ڤیدیۆیه‌ك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه، كه تێیدا ده‌ركه‌وێت كاروانێكی پۆلیسی هاتوچۆ له شه‌قامێكی به‌غدا، شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر ناچار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی سزای نه‌ده‌ن، به‌رتیلیان پێ بدات.
وه‌كوو له گرتهڤیدۆكهدا ده‌رده‌كه‌وێت، بارهه‌ڵگره‌كه سندووقی شه‌ربه‌ت و خواردنه‌وه گازییه‌كانی باركردووه و ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی هاتوچۆش له به‌رده‌می وه‌ستاوه و ڕێگه‌ی ڕۆیشتنی پێ نادات و ساڵیانه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گرن، بۆیه شۆفێره‌كه له پێناو ده‌رچوون و گه‌یشتنی به شوێنی مه‌به‌ست، سندووقێك شه‌ربه‌ت كه نرخه‌كه‌ی ته‌نیا شه‌ش هه‌زار دیناره، به كاروانه‌كه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ ده‌دات و پسووله‌ی سزاپێژاردنهكهیان لێ وه‌رده‌گرێت و ده‌یدڕێنێت.
گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل له عێراق بابه‌تێكی شاراوه نییه، به‌ڵكوو بووه‌ته به‌شێك له ڕۆتیناتی ڕۆژانه‌ی ژیانی ئیداره‌ی داموده‌زگه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ناچاركردنی هاووڵاتییان به‌و سیسته‌مه گه‌نده‌ڵه‌ی له دوای ساڵی 2003ـوه سیاسییه‌كانی عێراق له‌سه‌ری ده‌ڕۆن و په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن.
گرته ڤیدیۆیه‌ك كه شۆفێرێك به ئاشكرا و له‌سه‌ر شه‌قام و به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه بڕی پێنج هه‌زار دینار وه‌كوو به‌رتیل به كارمه‌ندێكی پۆلیسی هاتوچۆ ده‌دات، دوێنێ شه‌ممه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بڵاو كرایه‌وه و عێراقییه‌كان له‌ناو خۆیاندا ده‌ستاوده‌ستی پێ ده‌كه‌ن و بووه بابه‌تی ڕۆژ و جه‌ختیشیان كرده‌وه، حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ناوخۆ له ئاست ئه‌و جۆره گه‌نده‌ڵییانه بێهه‌ڵوێستن و هیچ بڕیارێكی به كرده‌یی ناكه‌ن و ناتوانن سزای بكه‌رانی بده‌ن.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له به‌رانبه‌ردا ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و گوتوویه‌تی، ئه‌وه‌ی كارمه‌نده‌كه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ له‌گه‌ڵ شۆفێره‌كه كردوویه‌تی، نایاسایییه و ڕێكاری یاسایی به‌رانبه‌ر ده‌گرنه به‌ر.