نوێنەری ورمێ لە پەرلەمانی ئێران: حکوومەت لە فریاکەوتنی دەریاچەی ورمێ کەمتەرخەمە

حاکم مەمکان، نوێنەری خەڵکی ورمێ لە پەرلەمانی ئێران، دەڵێت: بارودۆخی دەریاچەی ورمێ زۆر نالەبارە. دەتوانم بڵێم کە ئێستا هیچ ئاوی تێدا نەماوە و بە تەواوەتی وشک بووە.
حاکم مەمکان، نوێنەری ورمێ لە پەرلەمانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا'ی ڕاگەیاند "دەتوانین بڵێین نەوەد و نۆ لەسەدی دەریاچەی ورمێ وشک بووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێمەی نوێنەرانی پارێزگا و تەنانەت زۆرێک لە نوێنەران لەسەر ئاستی نیشتمانی بە توندی باوەڕمان وایە کە دەبێت حکوومەت بە جددی کار بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بکات."
نوێنەری ورمێ لە پەرلەمان گوتی: سەرەڕای ئەوەی کە لە خولەکانی ڕابردوودا خەرجییەکی زۆر بۆ لێکۆڵینەوە و بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ کراوە، بەڵام هیچ کام لەم هەنگاوانە ئەنجامی نەبووە. ستافی بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە خولەکانی ڕابردووشدا چەندین کۆبوونەوەی کردووە و لەم خولەشدا حکوومەتی چواردەهەم کۆبوونەوەی بەردەوامی هەبووە، بەڵام ئەو کۆبوونەوانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە."
حاکم مەمکان، گوتیشی: یەکێک لە داواکارییەکانمان لە سەرۆک کۆمار و حکومەتی چواردەیەم ئەوەیە کە بە زووترین کات هەنگاوی کردەیی پەلە بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەکە بنێن، چونکە ئەم بابەتە بەداخەوە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەمنی لەسەر ئاستی ناوچەکە و نیشتمانی. لە لایەکی ترەوە، ئەو زیانە ژینگەییانەی کە دەریاچەکە دەتوانێت بە پارێزگاکانی دەوروبەری خۆی بگەیەنێت، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا قەرەبوو ناکرێنەوە و پێویستە بڕیارێکی پەلە لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەکە بدرێت.
ئەو نوێنەرەی پەرلەمان، لەبارەی کاریگەرییە نەرێییەکانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ گوتی: وشکبوونی دەریاچەکە دەرئەنجامی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی، تەنانەت ئەمنی و تەندروستی دەبێت. ئەم بارودۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دروستبوونی شێرپەنجەی پێست و لەناوچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی ئەو تۆز و خۆڵە خوێیینەی کە لە ئەنجامی وشکبوونی دەریاچەکەوە دروست دەبێت؛ شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەم تۆز و خۆڵە تا نزیک پارێزگاکانی زەنجان و قەزوین کاریگەریی هەبێت.
حاکم مەمکان، لەبارەی تەرخانکردنی پشکی ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ گوتی: هەندێک هەنگاوی ژێرخانی وەک گواستنەوەی ئاوی کانیی سێو لە پیرانشارەوە بۆ دەریاچەکە کراوە و ئێمە داوای دەکەین لە سەرچاوەی دیکەشەوە ئاو بۆ دەریاچەکە بگوێزرێتەوە. هەروەها، داوا دەکەین کە جۆری چاندن چاکسازی تێدا بکرێت و وەزارەتی کشتوکاڵ لەم بوارەدا بێتە ناوەوە. پێویستە ڕێگریی لە لێدانی بیرە نایاساییەکان بکەین و وەزارەتی وزە لەم بوارەدا هەنگاو بنێت. هەروەها پێویستە چاکسازی لە شێوازی ئاودێری و ڕێگاکانی ئاودێریش بکرێت.
نوێنەری ورمێ لە پەرلەمانی ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بڕیارەکانی حکوومەت تا ئێستا، زیاتر لە قۆناغی قسەکردن و لێکۆڵینەوەدا ماونەتەوە و نەچوونەتە قۆناغی کارکردنەوە. هەندێک جار حکوومەت پێیوایە هەنگاوە کردەییەکان، بۆ نموونە چاکسازی لە جۆری چاندن یان شێوازی ئاودێری، تێچووی زۆریان دەبێت. بەڵام ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە، چونکە ئەمە بابەتێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی و ناوچەییە و پێویستە لە بودجەی نیشتمانی پشکی تایبەت بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە تەرخان بکرێت.