فێستیڤاڵی بەیت و حەیرانی جۆش و خرۆشی بە سەردەشت دا

یازدەمین فێستیڤاڵی بەیت و حەیرانی سەردەشت بە بەشداریی 226 بەرهەم لە 20 پارێزگاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتاییهات، بۆ یەکەمجارە فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی هونەرمەندانی نەتەوەکان بەڕێوە چوو، لە کۆتاییدا حەوت گرووپ، پلەکانی یەکەم، دووەم و سێیەمی فستیڤاڵەکەیان لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا بەدەست هێنا.

فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لە سەردەشت بە دابەشکردنی خەڵات بەسەر براوەی بەشە جیاوازەکانی فێستیڤاڵەکەدا کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا، کە دەنگ و ڕەنگ و کولتووری ڕەسەنی نەتەوە جیاوازەکانی کۆکردبووەوە.

فەرهاد مەحموود زادە، بەشداربووی فێستیڤاڵەکە بۆ کوردستان24 گوتی: لێهاتوویی و شارەزایی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن لە ئاستێکی باڵا بوون، بۆیە بڕوام وایە هەر کەسێک لەم فێستیڤاڵە پلەیەک بە دەست بێنێت، وەک ئەوە وایە پلەیەکی باڵای زانستی لە زانکۆ بە دەستهێناوە.

مەحموود زادە گەشبینی خۆیی بەمجۆرە چالاکی و فێستیڤاڵە دەربڕی و ئاماژەیدا، دەکرێت ئەم فێستیڤاڵە بایەخی پێ بدرێت و فراوانتر بکرێت، کە ببێتە چالاکییەکی نێو نەتەوەیی.

بەشداربووانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیش پێیان وایە فێستیڤاڵەکە دەرفەتی پێ داون هونەر و ئامێرە جیاوازەکانیان بناسێنن و فێستیڤاڵە پردی پەیوەندیی نێوانیانە.

عوسمان سادقی بەشداربووی بەشی لاوک لە دەڤەری قاسملووی ورمێ دەڵێت: هەموو هونەرمەندەکان، هەر یەکەی بە زاراوە و جلوبەرگی ڕەسەن خۆیان بەشداری فێستیڤاڵە بوون، ئەمەش جێگەی شانازییە.

هەروەها دونیا کاکەیی، ژەنیار و بەشداری  چالاکییەکان، دەڵێت: فێستیڤاڵێکی جوان و کاریگەر بوو، جێ دەستی سەرپەرشتیار و هونەرمەندانیشی پێوەدیار بوو، هەربۆیە ئەرک و کارەکانیان جێگەی دەستخۆشییە.

هەروا شاهین فەتاحی، ژەنیاری دیوان کە لە جوانڕۆی کرماشانەوە هاتبوو بەشدار بوو، ئەم فێستیڤاڵە سەکۆیەک بوو بۆ ناساندنی تواناکانمان و ئامێرەکانمان، هەروەها چالاکییەکیش بوو بۆ ناسینی هونەرمەند و دۆست و ئازیزانی نوێ.

ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە بۆ یەکەمجارە بە بەشداریی هونەرمەندانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەڕێوە دەچێت، هونەرمەندێکی تورکمان کە بەشداری فێستیڤاڵەکە بوو، دەڵێت، مۆسیقا کوردی مۆسیقایەکی ڕەسەنە.

غەفوور ئەمانیان، هونەرمەندی تورکمان کە لە پارێزگای گوڵستانەوە هاتووە و بەشدارە بۆ کوردستان24 گوتی؛ مۆسیقای کوردی، مۆسیقایەکی ڕەسەنە. لە ژەنینی گرووپەکاندا دەر کەوت کە مۆسیقایەکی ڕەسەن و بەڕاستی زۆر جوانە.

406 بەرهەم بۆ فێستیڤاڵەکە بەڕێ کرابوون، کە 226 بەرهەم بۆ بەشداری لە دوو بەشی کێبەرکێ و لاوەکیدا هەڵبژێردرابوون. لەناو گرووپە ژەنیارەکاندا حەوت گرووپ، لەناو ژەنیارانی تەنبووردا پێنج کەس، لەناو ژەنیارانی دووتاردا پێنج کەس، ژەنیارانی تەپڵ چوار کەس، ژەنیارانی دەف شەش کەس، ژەنیارانی عوود چوار کەس، هەروەها لەناو گۆرانیبێژاندا حەوت کەس پلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمیان بەدەست هێنا.

 
 

 

Fly Erbil Advertisment