لەبەلجیکا قوتابیانی کورد کۆمەڵەیەک دادەمەزرێنن

لە بەلجیکا، بۆ یەکەمجار کۆمەڵەیەک لە قوتابیانی کورد کە سەرقاڵی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەرن، بە ئامانجی یەکگرتن و هاوبەشکردنیان، کۆبوونەوەیەکی تایبەتییان لە شاری لۆڤن ڕێکخست.

دوای ئەوەی کۆمەڵەکە کۆبوونەوەی خۆی کرد، چەندین چالاکی هونەریان ڕێکخست لەوانە، میوزیک و گۆرانی کوردی و خواردنی کوردەواری.

ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی قوتابیانی کورد،  دروستکردنی یپەیوەندی نزیكترە بۆ هاوبەشی لە بابەتی خوێندن و ژیانی کلتووری لە بەلجیکا و زانکۆکانی ئەو وڵاتە، دەیانەوێت کۆمەڵەکە بکەن سەرەتایەک بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی قوتابیانی کورد لە بەلجیکا.

دارین عومەر، کچێکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە و یەک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی قوتابیانی کوردە لە بەلجیکا، بە کوردستان24ـی گوت: من و ئەمینا عومەر، دامەزرێنەری کۆمەڵەی قوتابیانی کوردین لە بەلجیکا، کۆمەڵەکەمان لەپێناو ئەوە دامەزراند، هاوکاری قوتابیانی کورد بکەین لەو وڵاتە، خواستی زیاترمان هەیە، بەڵام پێویستمان بە پشتیوانی هەیە.

میدیا بیلال، کچێکی دیکەی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە لە بەلجیکا، بۆ کوردستان24 گوتی: من قوتابی ماستەرم لە بەلجیکا، زۆر دڵخۆشم بەوەی کۆمەڵەیەک بۆ قوتابیانی کورد لە بەلجیکا دروستکراوە، بۆ ئێمە زۆر زەحمەتە لە زانکۆکان کە لەسەرەتاوە دەمانەوێت تێکەڵ بین بە کۆمەڵگەی وڵاتەکان، بەڵام دڵخۆش دەبین کاتێک لەگەڵ خەڵکی کورد یەکدەگرین لەو کۆمەڵگەیەدا.

محەممەد بۆسکلی، قوتابییەکی کوردی زانکۆی بەلجیکایە و بۆ کوردستان24 گوتی: دەمانەوێت لە کۆمەڵەکەدا داب و نەریتی کوردەواری بپارێزین، لە خواردن و میوزیک و جل و بەرگ، هاوبەشیی یەکترین لە خۆشییەکان.

دلۆڤان حەسەن، گەنجێکی عەفرینیە لە بەلجیکا، ماستەر دەخوێنێت، بۆ کوردستان24 گوتی: کارمان بۆ دروستکردنی ئەو کۆمەڵەیە کرد بۆ ئەوەی قوتابیانی کوردی تێدا کۆبکەینەوە و یەکتر بناسین.

 
 

 

Fly Erbil Advertisment