'زیره‌كی ده‌ستكرد' کێشەی بۆ قوتابخانەکانی ئەمەریکا دروست کردووە

لە قوتابخانەکانی ئەمەریکا، قوتابییه‌كان بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت و ئه‌ركه‌كانیان زیره‌كی ده‌ستكرد به‌كارده‌هێنن، ئەمەش کێشەی بۆ مامۆستایان دروست کردووە. 

بەهۆی بەکارهێنانی بەرفراوانی زیرەکی دەستکرد (AI) لەلایەن قوتابییانەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی ماڵەوە، مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی کێشەیەکی نوێ بوونەتەوە، بەجۆرێک توانای پێدانی ئەرکی ماڵیان لێ سەندراوەتەوە بەبێ ئەوەی هەست بکەن پاڵپشتی گزیکردن دەکەن. ئەمەش وایکردووە بەشێک لە مامۆستایان شێوازی هەڵسەنگاندن و پێدانی ئەرک بە قوتابییان بگۆڕن.

کەیسی کەنی، مامۆستایەکی قوتابخانە، دەربارەی ئەم دۆخە دەڵێت: "خۆم زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنم و توانایەکی زۆری هەیە، بەڵام لە مەترسییەکانیشی تێدەگەم. گزیکردن هەموو ئاستێکی تێپەڕاندووە، 23 ساڵە مامۆستام، گزیکردن بەو ئاستەی ئێستا زۆربێت قەت نەبووە."

مامۆستایان لە دژی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد نین، یەکێک لەوان مامۆستا کەیسی کەنییە، کە زیرەکی دەستکردی ئاوێتەی ئەرکی ناو پۆل و ئەرکەکانی ماڵەوە کردووە. ئامانجی ئەو ئەوەیە قوتابییەکانی فێری بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بکات، بەڵام بە شێوەیەک کە ببێتە ڕێگەیەک بۆ خوێندن و فێربوون، نەک تەنها بۆ گزی کردن.

کەنی ڕوونیکردەوە: "بە گڵۆپی سەوز و زەرد و سوور قوتابییەکان تێدەگەیەنم لە کوێ دەتوانن زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنن و لە کوێ نابێت بەکاریبهێنن. لێرەدا گڵۆپە زەردەکە سەرنجڕاکێش دەبێت، چونکە ئەگەر لە ڕێگەیەکی باشدا بەکاریبهێنیت دەتوانیت پێم بڵێیت، بۆیە هەندێک بیرۆکەی نایابیان بۆ دروست دەبێت."

لە وەڵامی مەترسییەکانی گزیکردن بە زیرەکی دەستکرد، مامۆستایان ڕێوشوێنی نوێیان گرتووەتەبەر. لە قوتابخانەدا ئەرکەکانی ماڵەوە بە قوتابیان دەدرێت و چاودێری لاپتۆپەکانیان دەکرێت. هەروەها، قوتابخانەکان لە پشووی هاوینەدا کار لەسەر ئەوە دەکەن کە بە وردەکارییەوە ڕێنمایی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ مامۆستا و قوتابیان دەربکەن، بە ئامانجی ڕێکخستنی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە لە پرۆسەی فێرکردندا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment