بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر لەناو برا

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر لە درێژەی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و پاراستنی کۆمەڵگە، لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر، لە بەرواری (2025/9/14) هەڵسا بە لەناوبردن و سوتاندنی بڕی (571) کیلۆ و 446 گرام لە ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان.
ڕاشیگەیاند، ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە لەناوبران، پێک هاتبوون لە جۆرەکانی (کریستاڵ، هێرۆین، تلیاک، حەشیش، ماریجوانا، ترامادۆڵ، کریستاڵی شل، و پارچەیەک مافوری ڕووپۆشکراو بە ماددەی هۆشبەر). ئەم بڕە زۆرەی ماددە هۆشبەرە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن بەشی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دهۆک دەستیان بەسەردا گیرابوون و دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی پلەی بنبڕ لە دادگا، بڕیاری لەناوبردنیان درا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی کە لەنێوان ساڵی 2009 تا ساڵی 2025، لەلایەن دادگاوە یەکلاکراونەتەوە و پلەی بنبڕیان وەرگرتووە، بریتی بوون لە (133) دۆسیە. ئەمەش نیشانەی جددیەتی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانە لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر دووپاتی دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات کە هاوکار و پشتیوانی دامودەزگا ئەمنییەکان بن لەم ئەرکە نیشتمانییەدا.
