داهێنەرێکی کورد، خەڵاتێکی گەورەی نێودەوڵەتیی لە چین بردەوە

ئاریان سەڵەواتی، سەرپەرشتی تیمی تەکنیکی کۆمپانیای پەردیس لە بەشی تەکنەلۆجیای زانکۆی کوردستانی سنە، بە نمایشکردنی ئامێرێکی زیرەک بۆ چاودێریی پیسبوونی ژینگە، لە پێشانگای نێودەوڵەتی داهێنانەکانی چین (گوانگژۆ)، مەدالیای برۆنزی بردەوە.

دووشەممە، 15ـ0 ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، لە زاری بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستانەوە، بڵاوی کردەوە "ئەم دەستکەوتە لە ڕکابەری لەگەڵ سەدان داهێنەری بەشدار لە سەرتاسەری جیهاندا بەدەست هاتووە."

پیشانگەکە، یەکێکە لە گەورەترین پیشانگەی داهێنان و ئەمساڵ زیاتر لە هەزار و 500 داهێنەر لە 25 وڵاتی جیهانەوە بەشدار بوون. 

داهێنانەکەی ئاریان سەڵەواتی "ئامێری گواستراوەی چاودێری هایدرۆ-کەشناسی و پیسبوون لەسەر بنەمای ژیریی دەستکرد" لەبەر ڕێبازی نوێگەرانە، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و بەهای بەرزی ژینگەیی، سەرنجی لیژنەی دادوەرانی ڕاکێشا و بە مەدلیای برۆنز خەڵات کرا.

 
Fly Erbil Advertisment