ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری UNDP ڕۆڵی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان تاوتوێ کرد

دووشەممە 15ی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازیی تیتۆن میترا، نوێنەری هەمیشەیی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) لە عێراق کرد؛ هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە کۆبوونەوەی سەرەتای ئەمساڵی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) و ئەو ڕاسپاردانەی کە ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کران کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە بەشداریکردنی کەرتی تایبەت کرد لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری، کە ئەمەش کاریگەرییە ئەرێنییەکانی دەرکەوتووە بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و دابینکردنی سەرچاوەی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان. هەروەها ستایشی ڕۆڵی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لە ڕابردوودا، بەتایبەت ڕۆڵی بەرنامەی UNDP لە عێراق.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بەشداریکردنی کارای نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکانی عێراق، ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە گەیاندنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە دامودەزگاکان لە هەرێم و گەیاندنی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ بە دەرەوە.

هاوکات، لە لای خۆیەوە تیتۆن میترا نوێنەری UNDP باسی لە پلانی داهاتوویان بۆ ئیدارەدانی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو لە عێراقدا کرد. ئاماژەشی دا، بڕیارە بابەتی ئیدارەدانی ئاو و سەرچاوەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بخەنە بەر باس و گفتوگۆ، بەو پێیەی حکوومەتی هەرێمی و کوردستان چەندین هەنگاوی گرتووەتەبەر لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو و سەرچاوەکانی ئاودا، لە وانەش دروستکردنی بەنداو و پۆند، کە کاریگەری ئەرێنییان هەبووە لەسەر گەشەپێدانی کەشوهەوا، بواری گەشتوگوزار، و دابینکردنی ئاوی پاک.

 
Fly Erbil Advertisment