ناتانیاهۆ: هەرکەسێک مۆبایلی هەیە، پارچەیەک ئیسرائیلی بەدەستەوەیە

ناتانیاهۆ: شارەزاین لە بەرهەمهێنانی چەک

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە قودس، ستایشی توانای ئیسرائیلی کرد لە دروستکردنی دەرمان، چەک و تەکنەلۆجیای مۆبایل. 

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەرکەسێک مۆبایلی هەبێت، لە ڕاستیدا 'پارچەیەکی ئیسرائیلی بەدەستەوەیە'.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکییەکان دەبێت سوودەکانی ئیسرائیل لە بوارەکانی وەک مۆبایل، دەرمان و خۆراک بە باشی درک پێبکەن.

لێدوانەکەی ناتانیاهۆ، لە بەرامبەر ڕەخنە نێودەوڵەتییەکانە، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە و سنووردارکردنی ناردنی چەک بۆ ئەو وڵاتە زیادی کردووە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بە "گۆشەگیرکردنی ئیسرائیل" ناوی بردن و بەرگریی لە وڵاتەکەی کرد و گوتی: "هەندێک وڵات ناردنی پێکهاتەکانی چەکیان ڕاگرتووە، بەڵام ئایا دەتوانین لەم دۆخە دەربچین؟ بەڵێ ئێمە دەتوانین. ئێمە شارەزاین لە بەرهەمهێنانی چەک."

هاوکات سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لە هاوبەشیکردنی زانیاری هەواڵگری و سیستەمی چەک لەگەڵ ئەمەریکا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا "بەشێکی زۆری هەواڵگری ئێوە لە ئیسرائیلەوە دێت."

ناتانیاهۆ بە ئەندامانی شاندەکی کۆنگرێسی وت: "ئایا مۆبایلتان هەیە؟ پارچەیەک ئیسرائیلتان بەدەستەوەیە." 

ئەوەشی خستە ڕوو، زۆرێک لە مۆبایل، دەرمان و بەرهەمە خۆراکییەکان، وەک تەماتەی گێلاس، لە ئیسرائیلەوە دێن. ئەم بەرهەمانە بە بەشێک لە بەشدارییەکانی ئیسرائیل بۆ "چاکەی هەموو مرۆڤایەتی" و نیشاندەری توانای بەرهەمهێنانی ئیسرائیل ناوبرد.

دووپاتیشی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی زیاتر. "لەکۆتاییدا ئەو سەربەخۆییەی پێویستمانە بەدەست دەهێنین، بۆ ئەوەی ئەوانەی لە ئەورووپای ڕۆژئاوا وا بیر دەکەنەوە کە دەتوانن لەو شتانە بێبەشمان بکەن کە پێویستمانە، سەرکەوتوو نەبن. دەتوانین ئەم گەمارۆیە بشکێنین، هەروەها دەیکەین."

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment