کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی پرسی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. 

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بە سەرپەرشتیی دادوەر کەریم خەسباک دەستیپێکرد.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هەردوو ڕاوێژکاری وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری) و (داد)ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی کۆبوونەوەکەن. 

باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، دوای ڕادەستکردنی ڕەشنووسی داهاتی نانەوتی؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، بەتایبەت دوو ڕاوێژکارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ دەکات، دواجار سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بڕیار دەدات کە ماف بە هەرێمی کوردستانە یان بەغدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی بڕیار لەسەر ڕەشنووسەکە دەدرێت، دەنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پێی دەگوترێت "ئەمە وەڵامی ئێمەیە بۆ ئەو ڕاپۆرتەی بە ئێمەتان دابوو، سەبارەت بە کێشەی داهاتی نانەوتی نێوان حکوومەتی هەرێم و فیدڕال."

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، هەردوولا لەسەر باج و گومرگ تا ڕادەیەک گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام کێشەیان لەسەر ڕسوماتە، چونکە هەرێمی کوردستان ڕازی بووە مانگانە لە 50%ـی داهاتی باج و گومرگ بداتە بەغدا، ئەوەی ماوەتەوە ڕسوماتە کە هەرێمی کوردستان دەڵێت لە 50%ـی ڕسوماتی فیدڕالی لە هەرێمی کوردستان دەدەینە بەغدا بەڵام رسوماتی ناوخۆ دەبێت بۆمن بێت، کێشەکە لەسەر ئەو بابەتە ماوەتەوە.

هەر ئەمڕۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەست پێ دەکات، بۆیە ئەگەر ئەنجوومەنی دەوڵەت وەڵامی هەبێت ئەوە وەڵامەکەی دەبرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و بریار لەسەر میکانیزمی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 7 و 8 مانگەکانی دەدرێت.

یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی دەوڵەت بە پەیامنێرەکەی کوردستان24ـی گوتووە، بینینی ئەو داوایانەی دێتە لای ئێمە وەکوو دادگای فیدڕالی نییە کاتێکی زۆری بوێت، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران تەنیا داوای کردووە شیکردنەوە بۆ ئەو بابەتە بکات و بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەسەر بابەتەکە بخرێتە ڕوو. بۆیە ئەگەر بۆچوونی جیاوازیان نەبێت دەتوانن تاوەکوو کاتژمێر 1:00 ڕەشنووسەکە بدەنە ئەنجوومەنی وەزیران.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment