ئەمەریکا پێکهاتەی ئەو فڕۆکەی قەتەر بە دیاریی بە دۆناڵد ترەمپ دابوو، دەگۆڕێت

هێزی ئاسمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەستی کردووە بە لێککردنەوەی فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 747 کە دیاری قەتەر بووە بۆ سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو، وەکوو فڕۆکەی سەرۆکایەتی بەکاریدەهێنێت.
سیناتۆری کۆماری تێد کروز بە ئاژانسی CNNـی ڕاگەیاند، گۆڕینی فڕۆکەیەک کە لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە بەکارهاتبێت (ئەگەر وڵاتەکە دۆستیش بێت) و دووبارە بەکارهێنانەوەی وەکوو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی، ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و دەبێت سەر لە نوێ سیستەمی دژە سیخووڕی بۆ دابندرێت و کە لەئەگەری نەگۆڕینی سیستەمەکە ڕێگە بە قەتەر دەدات بگات بە سیستەمە هەستیارەکانی وڵاتەکە.
فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا، گوتی: تێچووی بەروەپێشبردن و چاککردنەوەی فڕۆکەکە نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای سەرپەرشتیکردنی بۆ پرۆسەی لێککردنەوە و دووبارە لێکدانەوەی فڕۆکەکە، بەڵام چەند لایەنێکی دیکەی حکوومیش ڕۆڵیان دەبێت، لە نێوانیاندا ئاژانسی خزمەتگوزاریی نهێنی، ئاژانسی پاراستنی ناوەندیی، ئاژانسی ئاسایشی نیشتیمانی و کۆشکی سپی.
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە و بە ئامانجگرتنی چەند سەرکردەیەکی حەماس پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و ئەمەریکا جۆرێک لە گرژیی بە خۆیەوە بینی، لەلایەکی دیکەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی قەتەر، لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند،"هاوبەشی ئەمنی و بەرگریی نێوان قەتەر و ئەمەریکا لە هەموو کاتێکی پیشوو بەهێزترە."