دوای بەدواداچوونی کوردستان24؛ کێشەی ئاوی گەڕەکێکی سلێمانی چارەسەر کرا
دوای ئەوەی کوردستان24 کێشەی هاووڵاتییانی گەڕەکی "خاکی ڕاپەڕین"ـی سلێمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاند، کە نەوت تێکەڵی ئاوی ماڵەکانیان ببوو؛ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی کێشەکەی چارەسەر کرد.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نەوت تێکەڵی ئاوی ماڵانی گەڕەکی "خاک"ـی شاری سلێمانی ببوو، ئەمەش هاووڵاتییانی گەڕەکەکەی زۆر نیگەران کردبوو. هەر لەبەر ئەمە، هاووڵاتییان ناچار بوون ئاو بکڕن و نەتوانن سوود لە ئاوی سەرەکی ماڵەکانیان وەربگرن.
دوای ئەوەی کوردستان24 دەنگی هاووڵاتییانی گەڕەکەکەی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025؛ ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تیمەکانیان دەستیان بە بەدواداچوون بۆ پرسەکە کردووە و توانیویانە سەرچاوەی کێشەکە بدۆزنەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی باسی لەوەش کرد، بۆیان دەرکەوتووە کە ماڵێک تانکییەکی نەوتی لەسەر بانی ماڵەکەی دانابوو و بەبێ ئاگاداری، بە بۆڕی سەرەکی ئاوەوە بەسترابوو، لەوێشەوە نەوتەکە تێکەڵ بە تۆڕی ئاوی گەڕەکەکە ببوو. جەختیشی کردەوە، بەردەوام پشکنین بۆ هێڵی یەک و دووی ئاوی دوکان دەکەن و هیچ کێشەیەک لە سەرچاوەی ئاوەکەدا نییە.
ئامانج جەلال گوتیشی "نزیکەی 30 تا 40 ماڵێک کێشەیان هەبوو و دوای ئاگادارکردنەوەمان کێشەکە چارەسەر کرا و ئاوی گەڕەکەکە هیچ کێشەیەکی نییە. هەر کەسێکیش کێشەی هەبێت دەتوانێت ئێمە ئاگادار بکاتەوە و دەستبەجێ کێشەکەی چارەسەر دەکرێت."
لەبارەی کاتی دابەشکردنی ئاوەوە، گوتەبێژی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، بەپێی بەرنامەی ئێستایان، ئاو چوار ڕۆژ جارێک دابەش دەکرێت. ئەو پێشبینییەی کرد کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی هاوین و دابەزینی پلەکانی گەرما، ئەم گرفتە بە تەواوەتی چارەسەر دەبێت و بەڕێوەبەرایەتییەکە هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی هاووڵاتییان.
سەبارەت بە پڕۆژەی هێڵی سێی ئاوی دوکان، ئامانج جەلال ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە یەکێک دەبێت لە پڕۆژە گرنگەکان و بە تەواوبوونی، شاری سلێمانی بە تەواوەتی لە کێشەی کەمئاوی ڕزگاری دەبێت. هیوای خواست ئەم پڕۆژەیە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.
گوتەبێژەکەی ئاوی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو کە سلێمانی ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی 480 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە. بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی سەرچنار بۆ نزمترین ئاستی خۆی، لە ئێستادا تەنها توانای دابینکردنی 220 بۆ 230 هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە. ئەمەش کورتهێنانی دروستکردووە و وایکردووە کە ئاو سێ یان چوار ڕۆژ جارێک بەسەر گەڕەکەکاندا دابەش بکرێت.