وەزارەتی دەرەوەی سووریا: بە نێوەندگیری ئەمەریکا کار بۆ لێکتێگەیشتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل دەکرێت
هێزەکانی سووریا نزیکەی 10 کیلۆمەتەر لە باشووری وڵات کشاونەتەوە

بەرپرسێکی سەربازی سووری ڕایگەیاند، هێزەکانییان چەکی قورسیان لە باشووری وڵات ئەو ناوچەیەی کە ئیسرائیل داوای داماڵینی چەکی تێیدا کردبوو کشاندووەتەوە، هاوکات دیمەشق نەخشەڕێگایەکی بۆ گەڕاندنەوەی خۆشگوزەرانی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژەی داوە، بە نێوەندگیری ئەمەریکا کار بۆ لێکتێگەیشتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل دەکرێت.
سێشەممە 19ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە نەخشەڕێگای تایبەت بە پارێزگای سوەیدای خستووەتەڕوو، ڕایگەیاند، ئەمەریکا، بە ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی سووریا، کار بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە باشووری سووریا دەکات، کە نیگەرانییە ئەمنییە ڕەواکانی سووریا و ئیسرائیل لەبەرچاو بگرێت، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی سووری بڵاوی کردووەتەوە، "هێزەکانی سووریا چەکە قورسەکانیان لە باشووری سووریا کشاندووەتەوە،" گوتیشی: پرۆسەکە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر دوای توندوتیژییەکان دەستیپێکردووە. هەروەها سەرچاوەیەکی دیکە دیپلۆماسی لە دیمەشق، پشتڕاستی کردەوە و گوتی: نزیکەی 10 کیلۆمەتر بە ڕووی دیمەشق کشانەوەتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە مانگی ئابدا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە گفتوگۆدایە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە باشووری سووریا.
هەفتەی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ڕایگەیاندبوو: وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی، کە وا دەکات ئیسرائیل ئەو ناوچانە بەجێبهێڵێت کە لەم دوایانەدا داگیری کردوون.
حکوومەتی سووریا نەخشەڕێگایەک بۆ گەڕانەوەی خۆشگوزەرانی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "حکوومەتی سووریا نەخشەڕێگایەکی ڕوونی بۆ کارکردن لەسەر گەڕانەوەی ئارامی و خۆشگوزەران، دادپەروەری و متمانە لە پارێزگای سوەیدای داناوە، کە هەر یەکە لە ئوردن و ئەمەریکا پشتیوانی ئەو نەخشە ڕێگایە دەکات.
ئاماژەشی داوە، پلانەکە "لێپرسینەوە لەو هەموو ئەو کەسانە دەکات، کە هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتییانی سڤیل لە ناوچەکە، هاوکات قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکرێتەوە و پرۆسەیەکی ئاشتەوایی ناوخۆیی دەستپێدەکاتەوە.
هەروەها ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن و تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، "میکانیزمێکی هاوبەشی سووری-ئوردنی-ئەمەریکی" دڵنیایی لە جێبەجێکردنی پلانەکە دەدات.
سێشەممە 12ی ئابی 2025، کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان ئەیمەن سەفەدی، وەزیرانی دەرەوەی ئۆردن، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لە عەممانی بەڕێوە چوو و لە کۆبوونەوەکە ڕێککەوتن کە گرووپێکی سێقۆڵی بۆ کارکردن لەسەر هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا بۆ سەقامگیری پارێزگای سوەیدا و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان پێک بهێنن.
لە مانگی تەممووز، ناکۆکی نێوان درووزەکان و بەدەوییەکانی ڕووی دا، کە بووە هۆی دەستێوەردانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزە ئاسامانییەکانی ئیسرائیل. بەگوێرەی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی گرژییەکانەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران.