وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: تاوەکوو ئێستا لە عێراق ماڵپەڕە نەشیاوەکان قەدەغە نەکراون

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، ماوەی سێ ساڵە پاکێجی خێزانیمان ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی دایک و باوکەکان ئاگاداری بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆڕمانە بن، کە منداڵەکانییان بەکاریدەهێنن.

ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تاوەکوو ئێستا لە عێراق ماڵپەڕە نەشیاوەکان قەدەغە نەکراون، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵە پاکێجی خێزانیمان ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی دایک و باوکەکان ئاگاداری بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانە بن، کە منداڵەکانییان بەکاریدەهێنن.

بە ڕێنمایی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵداین لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی شارەزا، بۆ پێشکەشکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی خێزانی بە کۆمەڵگا بۆ زیاتر دڵنیابوونەوەی دایک و باوکەکان لە منداڵەکانییان لە کاتی بەکارهێنانی هەر ئەپێک یان تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر داوای سکاڵا کار باسم خەزعەل خەشان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتن و بلۆککردنی سەرجەم "سایتە نەشیاوەکان" لە سەرتاسەری وڵات .

هاوکات، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ماددەی 39 لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکە، ژمارە 1 ساڵی 2022 دەرکراوە. دادگاکە وەزارەتی پەیوەندییەکان و سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پابەندکردووە بە ڕاگرتن و بلۆککردنی هەموو سایتە نەشیاوەکان لە سەرتاسەری عێراق.

حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2015ەوە تاوەکوو ئێستا کردنەوەی زیاتر لە چوار هەزار سایتی نەشیاوی قەدەغەکردووە و فلتەری خستوونەتەسەر، بەڵام بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت هەر سایتەکان دەکەنەوە و فلتەرشکێن (ڤی پی ئێن) بەکاردەهێنن.

بە گوێرەی ئامارێکی کۆمپانیای (سمێر وێب)ی بەریتانی کە تایبەتە بە توێژینەوەی سایتە ئەلکیترۆنییەکان، عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی عەرەبییە بۆ سەردانیکردنی سایتە نەشیاوەکان، هەروەها سایتەکانی پۆڕنۆ لە ڕیزبەندی چوارەم دێن لەسەر ئاستی جیهان لەسەردانیکردنی لەدوای سایتەکانی، بازاڕکردن، قومار و یارییە ئەلکیترۆنییەکان.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment