بە نێوەندگیری ئەمەریکا، ئیسرائیل و سووریا لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەمنیی گفتوگۆ دەکەن

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل بە "ئەکسیۆس"یان ڕاگەیاندووە، تەلئەڤیڤ پێشنیازێکی وردی بۆ ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نوێ خستووەتە بەردەم دیمەشق. ئەم پێشنیازە نەخشەی ناوچە پێشنیازکراوەکان دەگرێتەوە کە لە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشقەوە تا سنوورەکانی لەگەڵ ئیسرائیل درێژدەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە لەندەن کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەم پێشنیازە. تۆم باراک، نوێنەری ئەمەریکا، کە نێوەندگیری نێوان هەردوولایە، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت. ئەمە سێیەمین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان ئیسرائیل، سووریا و ئەمەریکا دەبێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، گفتوگۆکان بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام پێناچێت ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەم قۆناغەدا نزیک بێت.
هەفتەی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئاشکرای کرد، دیمەشق لە دانوستاندایە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک. بەگوتەی ئەو، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو داگیریان کردبوون. شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمی سووریا گوتی: "ئێستا لە قۆناغی دانوستان و گفتوگۆداین."
ئەوەشی خستەڕوو، بە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، ئیسرائیل لە ڕێککەوتنی جیابوونەوە کشاوەتەوە، سەرەڕای پابەندبوونی دیمەشق بەو ڕێککەوتنە لە سەرەتاوە. گوتیشی: "ئێستا دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەمنیی دەکرێت بۆ ئەوەی ئیسرائیل بگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی پێش8ـی کانوونی یەکەمی ڕابردوو بووە."
لەکۆتایی مانگی ڕابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەدابوو حکوومەتەکەی لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی باشووری سووریا بکاتە ناوچەیەکی بێ چەک.
جێگای ئاماژەیە ئیسرائیل و سووریا پەیوەندییەکی دیپلۆماسییان نییە و لە ساڵی 1948ەوە، بە فەرمی هەردوو وڵات لە دۆخی شەڕدا ماونەتەوە، بەڵام لەم دواییانەدا بە سەرپەرشتی ئەمەریکا کۆبوونەوەیان کردووە.
`