ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەمەن

سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان دایە و ڕایگەیاند، ژێرخانی سەربازیی حووسییەکانی سەر بە ئێرانی کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی ڕاگەیاندنی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکانی لە شاری سەنعا و ئامانجەکانی دیکەی پارێزگای جەوفی کردووەتە ئامانج.
تەلەفزیۆنی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان بڵاوی کردەوە "ئیسرائیل لە ڕێگەی 12 هێرشی ئاسمانی بەندەری حودەیدەی کردووەتە ئامانج". یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ڕایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی گرووپەکە ڕووبەڕووی "فڕۆکەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە کە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتەکەمان دەکەن".
سوپای ئیسرائیل دوای هۆشداریدان بە هاووڵاتییان، ڕایگەیاند، "شوێنێکی ژێرخانی سەربازیی سەر بە تیرۆریستیی حووسییان لە بەندەری حودەیدە لە یەمەن" کردووەتە ئامانج. هەروەها ئەو گرووپەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەندەرەکە "بۆ گواستنەوەی ئەو چەکانەی لەلایەن ئێرانەوە دابینکراون، بە مەبەستی جێبەجێکردنی هێرشەکان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی" کەڵک وەردەگرێت.
لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ئێکس، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریدا "بەردەوامدەبن لە هێرشەکانیان و ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل دەبێت باجێکی ئازاربەخش بدەن".
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگرییان لە مووشەکێک کردووە، لە یەمەنەوە هەڵدرابوو و بووە ئاسمانی قودس و شوێنەکانی دیکەی بەزاند. حووسییەکانیش پشتڕاستیان کردەوە، مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەی ناوچەی یافا لە نزیک تەلئەڤیڤ کردووە.
لای خۆیەوە یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، هەواڵی هێرشی درۆنی بە ئامانجی فڕۆکەخانەی ڕامۆن لە باشووری ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
ئەم هێرشە ئیسرائیل بۆ سەر حووسییەکان دوای کوژرانی سەرۆک وەزیرانیان و نزیکەی نیوەی کابینەکەی لە مانگی ڕابردوودا حووسییەکان دێت. هەروەها لە هێرشەکانی هەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر حووسییەکان دەیان کەس کوژران و بریندار بوون.
لەوەتەی شەڕی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023 سەریهەڵداوە، حووسییەکان چەندان جار هێرشی درۆن و مووشەکییان لە دژی ئیسرائیل هەڵداوە و بانگەشەی هاودەنگییان لەگەڵ فەڵەستینییەکان کردووە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی یەمەنی داوەتەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی ژێرخانەکانی وەک بەندەرەکان، وێستگەکانی کارەبا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعای کردووەتە ئامانج.
مانگی تەممووزی ئەمساڵ، ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سەنعا، ئەحمەد غالب ناسر ڕەحاوی، سەرۆک وەزیرانی حووسییەکان و نۆ وەزیر و دوو بەرپرسی دیکە کوژران، ئەو هێرشانە بە گەورەترین هێرش بۆ سەر بەرپرسانی حووسی دادەنرێن لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی شەڕی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل.