هاتوچۆی کفری: سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم دەکاتەوە

بۆ یەکەمین جار لە شارۆچکەی کفری، سیستەمی نوێ و پێشکەوتووی دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری دەست بەکاربوو، ئەمەش کارئاسانییەکی بەرچاو بۆ هاووڵاتییانی کفری و دەوروبەری دەکات. 

موقەدەم ئاراس کەریم، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کفری، بە هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە، شۆفێر بە ئامادەباشییەکی تەواو و دوای شارەزایی بوون لە هەموو زانیاری و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ دێتە سەر شەقام، بەمەش ڕووداوەکانی هاتووچۆ کەم دەبنەوە.

موقەدەم ئاراس کەریم گوتیشی، "سیستەمی نوێی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری وای کردووە شۆفێرەکە بە تەواوەتی پشت بەخۆی ببەستێت، چونکە بە هیچ جۆرێک یارمەتی نادرێت."

سەرخێڵ ئەحمەد، خاوەن نووسینگەیەکی مەشقی شۆفێری، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تەواوی سیستەمەکە بە زمانی کوردییە، بە پێچەوانەی سیستەمی پێشوو، لە 400 پرسیار پێکدەهات و سیستەمێکی بیانی بوو و وەرگێڕانی کوردی بۆ کرابوو، هەندێک پرسیاری تێدا بوو لەگەڵ یاساکانی هاتوچۆی ئێستادا نەدەگونجا.

سەرخێڵ ئەحمەد ڕوونیشیکردەوە، لەم سیستەمە نوێیەدا 21 وانەی تیۆری و 12 وانەی پراکتیکی دەخوێندرێت. وەک ناوبراو ئاماژەی پێ دا، پێشووتر زۆر کەس نەیاندەتوانی سەرکەوتوو بن، بەڵام ئێستا خەڵکەکە زیاتر ڕاهاتوون.

سیستەمەکە لە 12 بەشی سەرەکی پێکدێت، بریتین لە پێناسە و بنەما گشتییەکان، یاساکانی هاتووچۆ، فریاگوزاری سەرەتایی، فریاگوزاری تەندروستی و ژینگە.

تاقیکردنەوەکە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت و 25 پرسیار لەخۆ دەگرێت، پێویستە لە ماوەی 25 خولەکدا وەڵام بدرێنەوە. 

لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا، دوو فێرخواز بەیەکەوە تاقیکردنەوەکە ئەنجام دەدەن و هەر یەکەیان پرسیاری جیاوازیان پێشکەش دەکرێت. بە هیچ شێوەیەک گزەکردن لەم سیستەمەدا ناکرێت و ڕاستەوخۆ دوای وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێکی ڕاست، فێرخواز ئاگادار دەکرێتەوە. هەروەها، هەر دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکە، سیستەمەکە ڕاستەوخۆ ئەنجامەکە ڕادەگەیەنێت، ئایا فێرخواز دەرچووە یان نا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment