2000 کەس لەسەر ڕێگەی کەسنەزان-گۆمەسپان کار دەکەن و 40%ـی تەواو بووە

40%ـی ڕێگەی کەسنەزان-گۆمەسپان تەواو بووە
40%ـی ڕێگەی کەسنەزان-گۆمەسپان تەواو بووە

پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی کەسنەزان-گۆمەسپان، دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر دەستپێکردنیدا، ئێستا 40%ی کارەکانی تەواو بووە. بەشێکی ئەم ڕێگە دووسایدە بەڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بەشەکانی دیکەشی لە ئاییندەیەکی نزیکدا بکرێنەوە.

ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێگەوبان لە کۆمپانیای 'هێمن گرووپ'، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم پڕۆژەیە بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. هاووڵاتییان بۆ ساڵانێکی زۆر بەهۆی خراپی ئەم ڕێگەیەوە ناڕەحەت بوون و بە دەیان ڕووداوی هاتوچۆ و گیانلەدەستدان لەم ڕێگەیەدا تۆمار کرابوون."

ئەندازیار ئەمیر ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیای هێمن گرووپ لە 14ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کردووە. لەم ماوە کورتەدا، 40%ی پڕۆژەکە تەواو بووە، نزیکەی 2000 کارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر لە کارکردندان.

بە گوتەی ناوبراو، درێژایی ڕێگە دووسایدەکە 16 کیلۆمەترە و پانیی هەر ئاراستەیەکی شەقامەکە 10.75 مەترە. پڕۆژەکە پێنج پرد، یەک ژێر پرد و 50 ئاوبەری سندووقی بە قەبارە و درێژی جیاواز لەخۆ دەگرێت.

سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەندازیار ئەمیر ڕوونی کردەوە: "بەپێی پلانی ئێمە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمدا زۆربەی بەشی چەپی پڕۆژەکە بە دوو چین قیرتاوکردن تەواو دەبێت و بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە. دواتر، دوای تەواوبوونی بەشی ڕاست، چینی سێیەمی قیرتاوکردنی بەشی چەپ ئەنجام دەدرێت."

بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێگەوبان لە کۆمپانیای 'هێمن گرووپ' ئاشکرای کرد، هاوتەریب لەگەڵ ڕێگەی کەسنەزان-گۆمەسپان، پڕۆژەی ڕێگەی دەربەندی گۆمەسپان، بە ڕێگەی سماقوولی و بە چواردەوری بەنداوەکەدا دەسووڕێتەوە، لە مانگی تشرینی دووەمدا بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا، کارکردن لەسەر ڕێگەی هەورازە نەفتە بەردەوامە. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەم هەورازە مەترسیدارە، پێشتر دەیان ڕووداوی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی بەخۆوە بینیوە، نامێنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment