عراقچی ڕەخنە لە میکانیزمی دەستپێکردنەوەی سزاکان دەگرێت

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی فەرەنسی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا گفوگۆی تەلەفۆنییان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان کردووە، بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وادەی دیاریکراوی سێ زلهێزەکانی ئەورووپا بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا نزیک دەبێتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی: "پێش کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە چوارچێوەی گفتوگۆ بەردەوامەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا، وەزیرانی دەرەوەی ترۆیکای ئەورووپا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆ دەکەن."

پێشتر عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتاکانی لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیاوە ئەنجام دەدات.

هەروەها گوتیشی: ئێران هەوڵدەدات خۆی لە سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەدوور بگرێت، و جەختی کردووەتەوە، سەرەڕای هەڕەشەکانی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵوێستی خۆی لەبارەی ناکۆکی ئەتۆمی ناگۆڕێت.

میکانیزمی دەستپێکردنەوەی سزا (snapback mechanism)، واتە گەڕانەوەی سزاکان، وڕێگە بە سەپاندنەوەی سزاکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات، وەک گەمارۆی چەک و ڕێوشوێنی سزادان لە دژی تاک و ڕێکخراوە ئێرانییەکان.

حکوومەتەکانی ئەورووپا ئەم هەنگاوە بە پێشێلکارییە دووبارەبووەکانی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڤیەننا لە ساڵی 2015دا دەزانن، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە.

سزاکان لانی کەم بۆ ماوەی 30 ڕۆژ کاری پێناکەن و بوار بۆ دانوستانی زیاتر دەمێنێتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment