سوپای لوبنان دەستی بەسەر 64 ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرت

سوپای لوبنان ڕایگەیاند لە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی ماددە هۆشبە، لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەستی بەسەر 64 ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرتووە.
چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025، سوپای لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە: "دوای چاودێریکردن و بەدواداچوونی جووڵەی باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەر لە دۆڵی بیقاع، مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری، بە پشتیوانیی یەکەیەکی سوپا، هەڵیکوتایە سەر کارگەیەکی لە شارۆچکەی بودای لە بەعلەبەک و دەستیان بەسەر نزیکەی 64 ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرت.
سوپاکە ئەمەی بە یەکێک لە گرنگترین" ئۆپەراسیۆنەکانی دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەدا ناوبرد.
هەروەها بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سوپا دەستیشی بەسەر "79 بەرمیل ماددەی کیمیایی و ژمارەیەک ئامێری بەکارهێنراو گرتووە، کە بۆ دروستکردنی ماددە هۆشبەر ئامادەکرابوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لوبنان ڕووبەڕووی فشاری وڵاتانی کەنداو بووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەر، بەتایبەتی ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆن کە لە ئەمفیتامین دەچێت.
شاری بەعلەبەک نزیکەی سنووری سووریایە، کە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 2011، کاپتاگۆن بووە گەورەترین هەناردەی ئەو وڵاتە و سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی نایاسایی بۆ حکوومەتەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا. لە لوبنانیش، حزبوڵڵا، هاوپەیمانی ئەسەد، ڕووبەڕووی تۆمەتی بەکارهێنانی بازرگانیی کاپتاگۆن بووەتەوە بۆ دابینکردنی دارایی بۆ خۆی.