کارەبای سلێمانی لە باشترکردنی تۆڕەکانی کارەبا بەردەوامە

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی داهاتی خۆی بۆ باشترکردنی تۆڕەکانی کارەبا بەکاردەهێنێت.

سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی، بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "نزیکەی چوار ساڵە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە 10%ی داهاتی کۆکراوەی کارەبا بەکاربهێندرێتەوە بۆ خودی بەڕێوەبەرایەتییەکە. لەو ڕێژەیە، 8%ی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە و کڕینی کەلوپەل و پێداویستی کارەبایی تەرخان دەکرێت و 2%ی دیکەش بۆ کارمەندانی کۆکردنەوەی پارە (بەشی فرۆشتنی وزە) دەبێت."

سیروان محەممەد ئاماژەی بەوەش دا، "بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ساڵانە دەیان پڕۆژەی گەیاندنی کارەبای بۆ گوندەکان و بۆ گەڕەکە نوێیەکان جێبەجێ دەکات لەسەر داهاتی کارەبا".

گوتەبێژی کارەبای سلێمانی ڕوونیشی کردەوە "شاری سلێمانی بەشێکی زۆری چووەتە نێو پڕۆژەی ڕووناکییەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی کێشەکانی کارەبا و خێرا گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان. بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و دەربەندیخان و دوکان، لە ڕێگەی دوو تەندەری جیاوازەوە کە یەکەمیان بە گوژمەی 450 ملیۆن دینار بۆ ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و دەربەندیخان، و دووەمیان بە گوژمەی نزیکەی 300 ملیۆن دینارە، لە ماوەی داهاتوودا کەرەستەکان دابین دەکات و دەخرێنە گەنجینەکانەوە."

لە بارەی قۆناغەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە شاری سلێمانی، سیروان محەممەد گوتی، ناو سەنتەری سلێمانی لە ئێستادا کارەبای 24 کاتژمێری هەیە. هەروەها تیمەکانی کارەبا لە دەربەندیخان سەرقاڵی دڵنیابوونەوەن لە محەویلەکان و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کارەکانیان کۆتایی پێبێت.

 
Fly Erbil Advertisment