وەزیری بەرگریی پاکستان: پرۆژەی ئەتۆمیمان بۆ سعوودیە بەردەستە

خواجە محەمەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان، ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند: پڕۆگرامی ئەتۆمیی پاکستان بۆ سعوودیە بەردەست دەبێت ئەگەر پێویست بێت، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێی بەرگریی نێوان هەردوو وڵات کە چوارشەممەی ڕابردوو واژۆ کراوە.
ئاسف وتی: "بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرگریی لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعوودیە، ئەگەر هەر دەستدرێژییەک دژی پاکستان یان سعودیە بکرێت، ئەوا هەردوو وڵات بەیەکەوە بەرگریی لەیەکتر دەکەن، و وڵاتانی دیکەش دەتوانن بێنە نێو ئەم هاوبەشییە.
وەزیری بەرگریی پاکستان ئاماژەی بەوەشدا،هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی ئاگاداری هیچ وڵاتێک بکەینەوە لە ڕێککەوتننامەکەمان لەگەڵ سعوودیە، گوتیشی: بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە، تەواوی تواناکانمان بەکاردەهێنین.
ئاسف ڕوونی کردەوە: ئەوان هەمیشە باسی گرووپێکی هاوشێوەی ناتۆیان کردووە و گوتی: پێموایە مافی سەرەکی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامیییە، پێکەوە بەرگریی لە ناوچەکەیان وڵاتەکانیان و نەتەوەکانیان بکەن.
گوتیشی: هیچ بڕگەیەک لە ڕێککەوتنەکەدا نییە ڕێگری لە هیچ وڵاتێکی دیکە بکات لە پەیوەندیکردن بەو هاوپەیمانێتییەی نێوان پاکستان و سعوودیە، یاخود ڕێگری لە پاکستان بکات بۆ ڕێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتێکی دیکە.