ترەمپ: لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ سەرۆکی چین کۆدەبمەوە

سەرۆکەکانی ئەمەریکا و چین پەیوەندییە تەلەفۆنەکەیان بە بەرهەمدار ناو دەبن، بەڵام ڕێککەوتنی کۆتاییان لە بارەی پرسی تیکتۆک و بابەتی دیکەی بازرگانی ڕانەگەیاند، هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا، لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ سەرۆکی چین کۆ دەبمەوە.
هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس) نووسیویەتی: پەیوەندییەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین کرد، باسمان لە زۆر بابەتی گرنگی وەک، بازرگانی، بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و ڕێککەوتنی تیکتۆک کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، لەگەڵ سەرۆکی چین هاوڕا بووین کە لە لووتکەی ئاسیا و دەریای هێمن لە کۆریای باشوور کۆببینەوە. هاوکات دەمەوێت لە ساڵی داهاتوو لە کاتێکی گونجاو بڕۆمە چین و شی جین پینگیش بێتە ئەمەریکا.
لە کۆتاییدا، ترەمپ نووسیویەتی: ڕێککەوتن لەبارەی تیکتۆک بەرز دەنرخێنم.
بەگوێرەی میدیاکانی چین، شی پەیوەندییەکەی بە ئەرێنی و بنیاتنەر وەسفی کردووە، هەروەها بە ترەمپی گوتووە: "پێویستە لایەنی ئەمەریکی خۆی لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تاک لایەنەی سنووردارکەری بازرگانی کە لەوانەیە زیان بەو دەرەنجامانە بگەیەنێت کە لە ڕێگەی چەندین خولی ڕاوێژکارییەوە بەدەستهاتوون بە دوور بگرێت."
سەرۆکی چین ئاماژەشی داوە، کێشەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆوە و لەسەر بنەمای "یاساکانی بازاڕ" چارەسەر بکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025، شاندەکانی چین و ئەمەریکا لە مەدرید لە ئیسپانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئابووری و بازرگانی نێوانیان کۆبوونەوە. سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا لە مەدرید ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا و چین گەیشتوونەتە "چوارچێوەیەک" بۆ ڕێککەوتن لەسەر یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانیان لەبارەی خاوەن دارییەتی تیک تۆک.