سوپای ئیسرائیل: 480 هەزار کەس کەرتی غەززەیان بەجێ هێشتووە

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە مانگی ئابەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی 480 هەزار کەس کەرتی غەززەیان بەجێهێشتووە، هەروەها گوتەبێژی سوپاس ئاماژەی داوە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە کەرتەکە بەردەوام دەبن.
هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی ئاگادارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ بەجێهێشتنی غەززە، لە مانگی ئابەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی 480 هەزار کەس ئەو کەرتەیان بەجێ هێشتووە. هاوکات بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە غەززە دەژین.
هەروەها ئەفیخایە ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: ئێستا ڕێگای سەڵاحەدین بۆ چوون بەرەو باشوور داخراوە؛ کە ڕێگای سەرەکی نێوان باکوور و باشووری کەرتی غەززەیە. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەشی داوە، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بە هێزێکی بێوێنە دژی حەماس و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان."
ڕۆژی چوارشەممە سوپای ئیسرائیل ڕێڕەوێکی نوێی "کاتیی" بۆ چوونە دەرەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر ڕاگەیاندبوو.
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 16ی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی وشکانی بۆ سەر شاری غەززە، ناوەندی کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کردبوو، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکان، لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی چەکدارانی قەسسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینییە).
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردبوو، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکان ئەنجام دەدرێت، کار بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و لەناوبردنی یەکجارەکی حەماس دەکەن.