ڕۆیتهرز: ئهمهریكا عێراقی له هاوردهكردنی غازی توركمانستان هیوابڕاو كرد

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، عێراق لە هەوڵەکەی بۆ چارەسەرکردنی کەمی کارەبا لە ڕێگای هاوردەکردنی غازی تورکمانستان لە ڕێگەی ئێرانەوە شکستی هێناوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز له ڕاپۆرتێكدا ئاماژهی بهوه كردووه، عێراق لە دوای ئۆپهراسیۆنه سهربازییهكهی ئەمەریکا و هاوپهیمانان لە ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە کارەبا بۆ هاووڵاتییانی دابین بکات، ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە هاووڵاتییان پشت بە مۆلیدە ئەهلییهكان ببەستن، کە ئهم مۆلیدانه باری ئابووریی هاووڵاتییانیان قورس كردووه و نائارامی بۆ دروست كردوون و زیانی گهورهی به تهندروستییان گهیاندووه.
ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، حوسێن سەعد، گۆشتفرۆش لە گەڕەکی کەسرەی بەغدا، هەوڵدەدات بژێوی ژیانی پەیدا بکات، بەڵام بەهۆی بێ کارەبایی و بهرزی پلهكانی گەرماوە خەریکە گۆشتەکەی خراپ دەبێت و لەو بارەوە دەڵێت: "ئەمە تەنیا ئازاری من نییە، بەڵکوو ئازاری هەموو گەلی عێراقە."
پرۆژەی ڕووناکی نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین کراوە
هاوکاتی ئهم ڕاپۆرتهكهی ڕۆیتهرز دهبینرێت، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی پرۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، تاوەکوو ئێستا سێ هەزار و 200 مۆڵیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە و نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین کراوە، هەروەها بڕیارە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 پرۆژەی ڕووناکی لە هەموو هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
محەممەد داود، خاوەن مارکێتێک لە گەڕەکێک لە سلێمانی، یەکێکە لەو کاسبکارانەی کە پرۆژەی ڕووناکی کێشەیەکی گەورەی بۆ چارەسەر کردووە. ئەو کە شەش ساردکەرەوەی لە مارکێتەکەیدا هەیە، پێشتر مانگانە نزیکەی 160 هەزار دیناری بۆ پارەی مۆلیدەی ئەهلی داوە، لەو بارەوە بە کوردستان24ی گوت: پێشتر بەهۆی نەبوونی کارەبای بەردەوامەوە دوو ساردکەرەوەمان دەکوژاندەوە و کەلوپەلەکان گەرم دەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە کارەکانمان زۆر ئاسان بووە و دەتوانین بەبێ دڵەڕاوکێ کار بکەین."
هەروەها لە کاتژمێر چواری ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 11ی ئابی 2025، لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق کارەبا پچڕا ، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە چارەکردنی کێشەی کارەبای عێراق هاوکار بێت، هەر وەکوو ئەوەی ئێستا ئەو کێشەیەمان لە هەرێمی کوردستان چارە کردووە.
واشنتن ڕەزامەندیی ڕێککەوتنێک بۆ هاوردهكردنی غازی تورکمانستان بۆ عێراق لە ڕێگەی ئێرانەوە نادات
ڕێککەوتنێک بۆ هاوردهكردنی غازی تورکمانستان بۆ عێراق لە ڕێگەی ئێرانەوە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2023 پێشنیاز کرا، بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ئێران غازەکەی وەردەگرت و دەیدا بە عێراق، بەڵام ئەمە مەترسیی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکای لەسەر تاران دروست کرد و پێویستی بە ڕەزامەندی واشنتن بوو. هاوکات بەهۆی سیاسەتی "ئهوپهڕی فشار" لە دژی تاران، ئیدارەی ترەمپ چڕتر بووەتەوە، واشنتن ڕەزامەندیی بەو ڕێككهوتنه نەداوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەگەڵ چوار بەرپرسی عێراقی قسەی کردووە و حەوت بەڵگەنامەی فەرمی بەدەست گەیشتووە، کە دەری دەخەن بەغدا لە ماوەی چەندین مانگی ڕابردوودا هەوڵی داوە ڕەزامەندیی واشنتن بۆ هاوردەکردنی نزیکەی 5 ملیار مەتر سێجا- bcm، غازی تورکمانستان لە ڕێگەی ئێرانەوە، وەربگرێت
بەپێی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە كه سهرهتاكانی مانگی كانوونی دووهمی ئهم ساڵ له نێوان بهغدا و عهشقئاباد واژۆ كرا و ڕۆیتەرز بەدەستی گەیشتووە، عێراق هەوڵی داوە ساڵانە 5.025 ملیار مەتر سێجا غازی تورکمانستانی هاوردە بکات، کە لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانی غازی ئێران (NIGC)ـهوه کارەکانی بۆ دەکرێت، هاوکات ئێران هیچ پارەیەکی وەرنەدەگرت، بەڵکوو لە بەرانبەردا %23ـی غازی هاوردەکراو وەردەگرت. هەروەها لە ڕەشنووسەکە هاتووە، بەغدا پێشنیازی کردووە لایەنێکی نێودەوڵەتیی چاودێریی پابەندبوونی ڕێککەوتنەکە بکات.
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە، سەرەڕای چەندین مانگ لە هەوڵی دیپلۆماسی، بەڵام ئەمەریکا لە کۆتاییدا ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە، لە هەمان کاتدا واشنتن فشارەکانی لەسەر ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییهكهی زیاد دەکات.
عادل کەریم، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کارەبا، لەو بارەوە بە ڕۆیتەرزی گوت: "بەردەوامبوون لەسەر ڕێککەوتنی تورکمانستان، دەکرێت ببێتە هۆی سەپاندنی سزا بەسەر بانک و دامەزراوە داراییەکانی عێراقدا، بۆیە گرێبەستەکە لە ئێستادا ڕاگیراوە."
ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە،هەرچەندە لەگەڵ عێراق کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی وزە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ ڕەزامەندی لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە نادات، چونکە لەوانەیە سوودی بۆ ئێران هەبێت،
عێراق پشت بە غازی ئێران دهبهستێت
ڕۆیتەرز ئاماژەشی داوە، عێراق لە ماوەی زیاتر له ده ساڵی ڕابردوودا پشتی بە هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێران بەستووە. بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی کارەبای عێراق، بە ئاژانسەکەی گوتووە، غازی ئێران نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق پێکدەهێنێت و لە ساڵی 2024 هاوردەکردنی غاز گەیشتووەتە 9.5 ملیار مەتر سێجا.
عادل کەریم دەشڵێت: "ئەگەر غازی ئێران لەدەست بدەین، ڕووبەڕووی کێشەیەکی جیددی دەبینەوە لە بەرهەمهێنانی کارەبادا."
بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (International Energy Agency)، عێراق لە ساڵی 2023 تەنیا 11 ملیار مەتر سێجا غازی بەرهەمهێناوە کە دەتوانرێت بۆ کارەبا یان پێداویستییە پیشەسازییەکان بەکاربهێنرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مانگی ئادار، ئیدارەی ترەمپ بڕیاری ڕاگرتنی هاوردهكردنی غازی ئێرانی لهلایهن عێراقهوه دا، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی بهرههمهێنانی كارهبا له عێراق.