وەزیری پەروەردە: لەم کابینەیەدا 274 قوتابخانەی نوێ دروستکراوە

هەرێمی کوردستان خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئامادە دەکات، وەزیری پەروەردەش ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم ساڵە نوێیەی خوێندن کردووە و سبەی 21ـی ئەیلوولی 2025، یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی 'باسی ڕۆژ'ـی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات گوتی: سەرەتا دەمەوێ سوپاسی مامۆستایانی کوردستان بکەم، ئەوانەی کە لە ساڵانی ڕابردووش و بۆ ئەمساڵیش ڕۆڵێکی گرنگیان لە پرۆسەی پەروەردە بینییوە، گوتیشی: ئەمساڵ توانیومانە 10 هەزار کورسی نوێی خوێندن بۆ قوتابیان دابینبکەین. هەروەها 28 باڵەخانەی تازە و بۆ ئەمساڵی خوێندن ئامادەیە کە ئەکاتە 309 ژوری نوێی خوێندن. لە هەمان کاتیش 30 قوتابخانەی دیکە لە هەرێمی کوردستان کارکردن تیایاندا بەردەوامە. 

پێشکەوتنی ژێرخانی پەروەردەیی
نالان حه‌مه‌ سه‌عید، ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەمساڵى نوێی خوێندن، 28 باڵەخانەی نوێ ئامادەن، کە ئەمەش درێژەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمە لە دروستکردنی قوتابخانە، دەشڵێت: بەگشتی، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، 274 قوتابخانە دروستکراون کە هەندێکیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە، هەروەها توانیومانە لەم کابینەیە 110 هەزار شوێنی نوێ بۆ قوتابیان دابین بکەین، دەشڵێت: تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 400 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە. سەبارەت بە کێشەی قەرەباڵغی، تەنیا لە 11 قوتابخانەدا سێ دەوامی خوێندن هەیە، و لە سلێمانیش دەوامی دووەمی قوتابخانەکان دەبێت.

دابینکردنی پێداویستییەکان
وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند، وەزارەتی پەروەردە 22 ملیۆن 134 هەزار و 74 کتێبی چاپی نوێی دابینکردووە بۆ قوتابیان. جێگای سەرنجە کە گۆڕانکاری لە 500 ناونیشانی کتێب کراوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ نوێکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن. بۆ گەرمکردنەوەی قوتابخانەکانیش، زیاتر لە 8.5 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەردراوە و دابیندەکرێت.

ژمارەی خوێندکاران و پلانەکانی داهاتوو
نالان حه‌مه‌ سه‌عید دەشڵێت، ژمارەی مامۆستایانی میلاک و گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە 148 هەزار مامۆستایە، هەروەها 33 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، هەروەها ژمارەی قوتابیانی لەکەرتی حکوومی ملیۆنێک و 800 هەزار وتابییە و لەکەرتی ناحکوومی 154 هەزار قوتابییە، گوتیشی: بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 139 هەزار قوتابی پۆلی یەکی بنەرەتی داتاکانیان تۆمارکراوە، ڕەنگە ژمارەی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی یەکی بنەڕەتی بگاتە 160 هەزار قوتابی، گوتیشی: ساڵی داهاتوو دیزاینی جلوبەرگی قوتابیان و رەنگەکەی دەگۆڕێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ نوێکردنەوە و گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەدا.

 

 
Fly Erbil Advertisment