وەزارەتی پەروەردە: قوتابخانەکان دەبێت کاتژمێرێک بۆ بەڕێوەچوونی ڕۆژی ئاڵا تەرخان بکەن

وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە سەرەتای دەوامدا، مەراسیمی تایبەت ساز بکەن.

 بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، سەرەڕای بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، دەبێت سەرەتا یادەکە بەرز ڕابگیرێت و دواتر دەست بە تاقیکردنەوەکان بکرێت.
بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە.

بەگوێرەی گشتاندنەکە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی، ناحکوومی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار کراونەتەوە، دەبێت کاتژمێری یەکەمی دەوام تەرخان بکەن بۆ سازدانی مەراسیمی تایبەت بە پیرۆزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان.

ڕێنماییەکەی وەزارەتی پەروەردە جەخت لەوە دەکاتەوە، بوونی تاقیکردنەوەکان نابێتە ڕێگر لە بەردەم یادکردنەوەکەدا، بەڵکو پێویستە سەرەتا بە ڕێوڕەسمێکی شایستە یادەکە بکرێتەوە و پاش تەواوبوونی مەراسیمەکە، ئینجا دەست بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بکرێت.

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment