سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ڕۆژئاوا

ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، ئەم جارە  وەڵامێکی توند و جددیتری ئەو وڵاتانە دەدەینەوە کە نیازپاکیی ئێران بەخراپی بەکار دەهێنن.

شەممە، 20ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە؛ ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە پۆستێکدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "هۆشداری دەدەینە ئەو وڵاتانەی کە نیازپاکیی ئێران بۆ گفتوگۆ، بە خراپیی بەکار دەهێنن و دەرگاکانی دیپلۆماسی بەڕووی خۆیاندا دادەخەن، ئەم جۆرە گوشارە هەرگیز ئەنجامیان نابێت و ئەم جارە زیاتر لە هەموو کاتێک پەشیمان دەبنەوە."

عەزیزی، ڕایگەیاند "سیاسەتی گوشاری زۆرینە هیچ کاتێک ئەنجامی نەبووە و ئەم جارەش نەک هەر بێئەنجام دەبێت، بەڵکوو تێچوویەکی قورستر لە جارانی بۆ داڕێژەران و جێبەجێکارانی دەبێت."

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی، بە ئاماژەی بەوە دا "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە پابەندی لۆجیکی گفتوگۆ و مامەڵەی بنیاتنەرانە بووە؛ هەندێک لە زلهێزەکان لەبری کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتە دیپلۆماسییەکان، دەرگاکانی دانوستانیان بەڕووی خۆیاندا داخستووە و ڕێگەی گوشار و ڕووبەڕووبوونەوەیان هەڵبژاردووە. ئەمەش نەک هەر ئامانجەکانیان بەدی ناهێنێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی گۆشەگیربوونی زیاتر و شکستی یەکجارەکییان."

عەزیزی ڕایگەیاند: ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە گوشاری زۆرینە دژی گەلی ئێران شکستی خواردووە، چونکە گەلی ئێران لە بەرانبەر هەڕەشە و گوشارەکاندا هەرگیز پاشەکشەی نەکردووە و نایکات و هەر ئەم خۆڕاگرییەش، هۆی سەرەکیی شکستپێهێنانی سیاسەتەکانی دوژمنان بووە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، جەختی کردەوە "ئێران، ڕێگە نادات نیازپاکی و ئارەزووی ئێران بۆ وتووێژ ببێتە دەرفەتێک بۆ زیادەخوازی و پەیمانشکێنی. وتووێژ بۆ ئێمە ئیمتیازێکی بێکۆتا نییە و ئەو لایەنانەی کە ڕێگەی گوشار هەڵدەبژێرن دەبێت بزانن کە ئێران وەڵامێکی توندتر و جددیتریان دەداتەوە."

عەزیزی لە کۆتاییدا ڕایگەیاند "داڕێژەرانی گوشار دەبێت ئامادەی باجێکی قورستر لە ڕابردوو بن. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تواناوە بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئاسایشی هەرێمیی خۆی دەکات و هەر هەنگاوێک کە بە مەبەستی لاوازکردنی گەلی ئێران بگیرێتەبەر، بە وەڵامێکی تێکشکێنەر ڕووبەڕوو دەبێتەوە. دوژمنان دەبێت بزانن کە ئەم جارە پەشیمانییان لە هەموو کاتێکی تر، سەختر و پڕتێچووتر دەبێت."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment