شه‌ڕی عه‌شایه‌ری له میسان، بووه‌ته مۆتەکەی حكوومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان

حكوومه‌تی عێراق و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌ر چه‌نده ماوه ماوه باس له‌وه ده‌كه‌ن توانیویانه به توندی ڕووبه‌ڕووی دیارده‌ی چه‌كداری عه‌شایه‌ری ببنه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ڕێك پێچه‌وانه‌یه، ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی عێراق خۆیان به كرده‌وه له سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كاندا به‌تایبه‌تی هاوكات له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌ستپێكردنی ماوه‌ی بانگه‌شه، ستایشی ڕۆڵی عه‌شایه‌ره‌كان ده‌كه‌ن و ئامانجیانه به موجامهلهكردنیان ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ست بهێنن.
میسان یه‌كێكه له‌و پارێزگا عێراقییه‌كان به‌رده‌وام كێشه‌ی عه‌شایه‌ری تێدایه و ئه‌م كێشانه‌ش سه‌ر ده‌كێشن بۆ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه و به‌كارهێنانی چه‌ندین جۆری چه‌كی بچووك و مامناوه‌ند، به‌مه‌ش هیچ حیسابێك بۆ حكوومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ناكه‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌زگا ئه‌منییه‌كان تا دوای دامركاندنه‌وه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان، ئینجا ده‌توانن نزیكی ڕووداوه‌كان ببنه‌وه و وه‌كوو خۆیان ده‌ڵێن، لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌م باره‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن.
شه‌ڕی عه‌شایه‌ری له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق له‌م ساڵدا به ئاستێك گه‌یشت، ته‌نانه‌ت ئه‌فسه‌ران و به‌رپرسانی هێزه ئه‌منییه‌كانیش بوونه‌ته قوربانی و هه‌ندێك جار، ئه‌فسه‌ران و به‌رپرسانی پله‌باڵا ده‌ڕفێنرێن و بۆ ماوه‌یه‌ك بێسه‌روشوێن ده‌كرێن، وه‌كوو ئه‌وه‌ی شەممە، 30ـی ئابی 2025، له شه‌ڕی عه‌شایه‌ری له زیقار ئه‌فسه‌رێكی پله‌باڵا ڕفێنرا و ئامۆزایه‌كیشی كه له ڕیزه‌كانی سوپادا بوو، بریندار كرا و هه‌ردووكیان بێسه‌روشوێن كران.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، شه‌ممه 20ـی ئه‌یلوولی 2025، سه‌رچاوه‌كان له پارێزگای میسان بڵاویان كرده‌وه، شه‌ڕێكی دیكه‌ی عه‌شایه‌ری له نێوان دوو بنه‌ماڵه له ناحیه‌ی عه‌زیر به‌رپا بووه و تێیدا به توندی و به چه‌كی جۆراوجۆر ڕووبه‌ڕووی یه‌كدی بوونه‌ته‌وه و هێزه ئه‌منییه‌كانیش ناتوانن نزیكی ڕووداوه‌كان ببنه‌وه.
ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه میسان ئه‌م جۆره شه‌ڕانه به خۆیه‌وه ده‌بینێت، به‌ڵكوو هه‌ینی، 15ـی ئابی 2025، سه‌رچاوه میدیاییه‌كان چه‌ند گرته‌ڤیدیۆیه‌كیان بڵاو كرده‌وه، كه تێیدا نیشانی دابوو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی عه‌شایه‌ری له میسان، بووه‌ته هۆی تێكچوونی ئاسایشی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگاكه و مه‌ترسی خستووه‌ته سه‌ر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل.
14ـی ته‌ممووزی 2025، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئامارێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، 460 شەڕی عه‌شایه‌ری لە ساڵی 2023ـدا له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ڕوویان داوه، هەروەها 320 شەڕیش لە ساڵی 2024 ڕوویان داوه و له حه‌وت مانگی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵیش زیاتر له 25 شه‌ڕی لە بەغدا، میسان، بەسرە و زیقار تۆمار كراوە.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕوونیشی كردبووه‌وه، 230 كه‌س له ساڵی 2023 و 150 كه‌سی دیكه‌ش له ساڵی 2024 له شه‌ڕی عه‌شایه‌ریدا له عێراق كوژراون.
دووشه‌ممه، 25ـی ئابی 2025، محه‌ممه‌د حه‌یده‌ر حوسێن، سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی پارێزگای میسان ڕایگه‌یاند، ناكۆكی و ململانێ عه‌شایه‌رییه‌كان له پارێزگاكه زیانێكی زۆریان به ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك گه‌یاندووه، بۆیه پێویست ده‌كات به توندی ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه و هێزه ئه‌منییه‌كان له به‌رانبه‌ر ئه‌و پرسه‌دا زۆر جیددی بن.
محه‌ممه‌د حه‌یده‌ر حوسێن گوتبووی، له میانی هه‌ستكردن به به‌رپرسیاریه‌تی یاسایی و له پێناو پاراستنی ئاسایشی شاره‌كه‌یان، هۆشداری له دووباره په‌ره‌سه‌ندنه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناكۆكی و ململانێیه عه‌شایه‌رییه‌كانی پارێزگاكه ده‌ده‌ن، كه كه‌ڵه‌كه‌بوونیان ده‌بێته هۆی تێكچوونی ته‌واوی شاره‌كه و نه‌مانی یاسا و دادپه‌وه‌ری.