ناوەندی پێشکەوتووی پشکنینی تۆیۆتای لە دهۆک کرایەوە

بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کۆمپانیای تۆیۆتا ناوەندی نوێی پشکنینی پێشوەختەی (PDI) لە شاری دهۆک کردەوە. ئەم ناوەندە نوێیە، کە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دروستکراوە، ئامانجی بەهێزکردنی کوالێتی و سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەکانە پێش ئەوەی بگەنە دەستی کڕیاران، هاوکات دەرفەتی کار بۆ دەیان گەنجی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەچوو، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شریتی کردنەوەی ناوەندەکەی بڕی. ئەم ناوەندە وەک ناوەندێکی لۆجستی کاردەکات بۆ پشکنینی وردی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، تاوەکوو دڵنیایی بدرێت لە سەلامەتی و کوالێتییان. سردار بیباتی، سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا، بە کوردستان24ی گوت: "ئامانجی سەرەکیی ئەم ناوەندە، کە پێی دەوترێت PDI، ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلەکانە پێش ئەوەی ڕادەستی کڕیارانی بکەین، بۆ ئەوەی سەلامەتییان سەد لە سەد مسۆگەر بێت."

ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان

کردنەوەی ئەم ناوەندە بووەتە هۆی دابینکردنی 110 هەلی کار بۆ گەنجانی پارێزگای دهۆک و دەوروبەری، کە زۆرینەیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن و پێشتر بێکار بوون. کارمەندانی نوێی ناوەندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بەم دەرفەتە دەربڕی و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری. لوقمان زێباری، یەکێک لە کارمەندەکان، گوتی: "نزیکەی 100 کەس لێرە کار دەکەین کە هەموومان گەنج و خەڵکی دهۆک و دەوروبەرین. زۆربەمان دەرچووی زانکۆین و بێکار بووین، بەڵام بەهۆی ئەم کۆمپانیایەوە بووینە خاوەن کار."

پشتیوانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا

ئیندۆ ئێکیر، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، کە لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو، کردنەوەی ناوەندەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد و ڕایگەیاند: "ئەم پرۆژەیە سوودێکی زۆری بۆ شاری دهۆک دەبێت و دەستپێکێکە بۆ گواستنەوەی پرۆژەی هاوشێوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق." ئاماژەشی دا، ناوەندەکە خزمەت بە نزیکەی 20 هەزار کڕیاری نوێی تۆیۆتا دەکات و دەبێتە هۆی گواستنەوەی شارەزایی و تەکنۆلۆژیای ژاپۆنی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان.

ئەمە دووەم ناوەندی پشکنینی پێشوەختەی تۆیۆتایە لەسەر ئاستی عێراق کە دوای هەولێر دەکرێتەوە و پێکەوە پێداویستییەکانی %70 پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا، لیکسز و هینۆ دابین دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment